رووداوێکی ناخهەژێن پێش تێکشکانی بەلەمەکەی ئیتاڵیا؛ 'پیاوێکی عێراقی کچێکی 16 ساڵی خنکاندووە'
رووداو دیجیتاڵ
هێشتاش دەرهاویشتەکانی تێکشکانی ئەو بەلەمەی کۆچبەران کە لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێکشکا و نقومبوو، زۆرتر دەردەکەون. لەو بەلەمەدا کە زۆرتر لە 70 کۆچبەری تێدابوو و بەشێکی زۆریان کورد بوون، پێش تێکشکانی رووداوێکی هەژێنەر روویداوە.
پۆلیسی ئیتاڵی دەڵێ کۆچبەرێکی پیاوی عێراقیی 27 ساڵی دەستگیر کردووە، کە تۆمەتبارە بە خنکاندنی کچێکی 16 ساڵ لەنێو بەلەمەکەدا؛ ئەویش دوای ئەوەی یەکێک لە رزگاربووەکانی بەلەمەکە سکاڵای تۆمار کردووە، کە ئەو کۆچبەرە عێراقییە "کچەکەی خنکاندووە و هەڵسوکەوتی بەدڕەوشتانەشی بەرامبەری کردووە."
پۆلیس خنکاندنەکەی پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام هێشتا دەستدرێژییەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
هەر ئەم هەفتەیە ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە، چوار قاچاخچیی دەستگیر کردووە کە پێدەچێت پەیوەندییان بە دۆسێی بەلەمە نقومبووەکەوە هەبێت.
تاوەکو ئێستا، ئەم ساڵ زۆرتر لە 1000 کۆچبەر لە ئاوەکانی نێوان تورکیا و یۆنان و ئیتاڵیادا خنکاون، کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵ و کەسانی بەساڵاچوو بوون.