یاسای هەموارکراوی ئەڵمانیا: ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەڵمانییەک بکات بە چوار ساڵ وڵاتینامە وەردەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا یاساکانی وەرگرتنی وڵاتینامە (پاسپۆرت)ی هەموار کردووەتەوە و ئاسانتر بوون. لە دوێنێ پێنجشەممە 27ی حوزەیرانەوە ئەو یاسایانە بەرکارن.
نزیکەی چارەکێکی ئەوانەی بە شێوەی یاسایی دانیشتووی ئەڵمانیان، وڵاتینامەی ئەو وڵاتەیان نییە. هەندێک لەوانە زۆرتر لە 10 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژین؛ بەتایبەتیش ئەوانەی هاووڵاتیی تورکیان و یاسا رێگەی نەدەدا دوو پاسپۆرتیان هەبێت، ساڵەها بوو نەیاندەتوانی داوای پاسپۆرتی ئەڵمانی بکەن، لەنێو ئەوانەدا، بە هەزاران کوردی خەڵکی باکووری کوردستان هەن.
بەپێی ئاسانکارییە نوێیەکان، کۆچبەران بە پێنج ساڵ دەبنە هاووڵاتیی ئەڵمانیا.
ئەوەی هاوسەرگیریی لەگەڵ هاووڵاتییەکی ئەڵمانیا کردبێت، بە چوار ساڵ وەریدەگرێت. هەندێک کۆچبەریش کە کاری تایبەتیان بۆ کۆمەڵگەی ئەڵمانی کردبێت، دەکرێت بە سێ ساڵ ببنە هاووڵاتیی وڵاتەکە.
بۆ ئەوانەش کە هیچ کێشەیەکیان نییە لە ئەڵمانیا، لە ئەمڕۆوە یاسا ئاسانکراو و هەموارکراوەکانی وەرگرتنی وڵاتینامە (پاسپۆرت) بەرکار دەبن.