ترەمپ ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لە پێشنیازی 30 ملیار دۆلاریی ئەمریکا بۆ ئێران دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە کە باس لەوە دەکەن ئیدارەکەی تاوتوێی ئەوەی کردووە یارمەتیی ئێران بدات بۆ دەستڕاگەیشتن بە 30 ملیار دۆلار، لەپێناو هەبوونی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی تایبەت بە بەرهەمهێنانی وزە.
 
لە رۆژانی رابردوودا بەشێک لە میدیای ئەمریکی بڵاویکردەوە کە ئیدارەی ترەمپ بیری لەوە کردووەتەوە لە رووی ئابوورییەوە یارمەتی ئێران بدات. 
 
بە گوێرەی ئەو میدیایانە، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت لەبەرامبەر ئەوەی ئێران دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبگرێت، یارمەتی بووژاندنەوەی ئابوورییەکەی بدات.
 
شەوی رابردوو ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ نووسی: "کام کەسی قێزەونی نێو میدیای هەواڵی ساختەیە کە دەڵێت، سەرۆک ترەمپ دەیەوێت 30 ملیار دۆلار بداتە ئێران بۆ دروستکردنی دامەزراوەی ئەتۆمیی ناسەربازی؟"
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، هەرگیز گوێی لەو بیرۆکەیە نەبووە و بە "درۆی شاخدار" ناویبرد. 
 
ترەمپ شەوی رابردوو لە کۆشکی سپی لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەش قسەی کرد و گوتی، پێی وا نییە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیان بکەنەوە، چونکە "ئەوان زیاتر لە 1 تریلیۆن دۆلاریان لە بواری ئەتۆمییدا خەرج کرد و سەرکەوتوو نەبوون". 
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، باوەڕی وایە بەرپرسانی ئێران دەیانەوێ لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەکەی کۆببنەوە و لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمییەوە بگەنە رێککەوتن. 
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە ئەمریکا و ئێران 5 گەڕی دانوستاندنیان کرد و بڕیار بوو رۆژی 15ی ئەم مانگەش گەڕی شەشەمی دانوستاندنەکان بەڕێوەبچن، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران شکستیان بەو گەڕەی دانوستاندن هێنا.