نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە ئێران و پاکستانەوە 1.2 ملیۆن ئەفغان بە زۆر دیپۆرتکراون

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، ئەم ساڵ زیاتر لە 1.2 ملیۆن ئەفغان لە وڵاتانی ئێران و پاکستانەوە بە زۆر دیپۆرتی وڵاتەکەیان کراونەتەوە. ئاژانسەکە دەشڵێت، شەپۆلی دیپۆرتکردنەوەی ئەفغانەکان مەترسی لەسەر ناسەقامگیرکردنی دۆخی وڵاتەکە دروست دەکات. 
 
رۆژی شەممە، 28ـی حوزەیرانی 2025، ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەم ساڵ 1.2 ملیۆن ئەفغان لە ئێران و پاکستانەوە دیپۆرتی وڵاتەکەیان کراونەتەوە. دەشڵێت، نیوە زیاتری ئەوانەی لە ئێرانەوە بە زۆر دیپۆرتکراونەتەوە دوای دوا مۆڵەتی حکومەتی ئێران بووە بۆیان کە دەبوو تاوەکو 20ی ئادار وڵاتەکە جێبێڵن یان بە زۆر دیپۆرتدەکرێنەوە. 
 
عەرەفات جەمال، نوێنەری ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان رایگەیاند، "جارێکی دیکە خێزانە ئەفغانەکان رووبەڕووی دەرکردن بوونەوە" و دوای گەڕانەوەشیان رووبەڕووی برسییەتی، نەبوونی و مەترسی دیکە دەبنەوە. 
 
ئەو دەشڵێت، کچان و ژنان زۆرترین مەترسییان لەسەرە، چونکە ئەگەری هەیە رووبەڕووی سنووردارکردنی جووڵەیان و وەرگرتنی مافەکانیان، لەوانە خوێندن و کارکردن ببنەوە. 
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە نیوەی ئەفغانەکان بژێویان لەسەر هاوکارییە مرۆییەکانە، بەڵام بەهۆی سیاسەتەکانی تاڵیبان و کەمبوونەوەی هاوکارییە مرۆییەکانەوە دۆخی خەڵک خراپتر بووە. 
 
"یان بڕۆنەوە یان دادگەیی دەکرێن"
 
ئەمڕۆ محەممەد مەوحدی ئازاد، داواکاری گشتیی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، پێویستە ئەو بیانییانەی بە نایاسایی لە وڵاتەکەیاندا ماونەتەوە بە زووترین کات بڕۆنەوە وڵاتەکانیان یان دادگەیی دەکرێن. دەشڵێت، پێویستە "بیانییەکان، بەتایبەت خوشک و برا ئەفغانەکانمان کە ساڵانێکی زۆرە لەخۆمان گرتوون، یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی ئەوانەی بە نایاسایی ماونەتەوە، بە زووترین کات ئێران جێبێڵن". 
 
نیسانی ئەم ساڵ بەرپرسانی ئێران رایگەیاند، 6 ملیۆن ئەفغان لە وڵاتەکەیانن کە 2.5یان بە نایاسایی ماونەتەوە. 
 
عەلی رەزا بیکدەلی، باڵیۆزی کاربەڕێکەری ئێران لە کابوول بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، ئاسانکاری بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەفغانەکان دەکەن. دەشڵێت، ماوەیەکی زۆرە هاووڵاتییانیان ناڕەزایی لە زۆری ژمارەی ئەفغانەکان دەکەن و بەشێکیشیان بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل بکەن.