لە هێرشێکی مووشەکیی ئۆکراینادا بۆ سەر رووسیا 15 کەس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، دوو مووشەکی ئۆکراینای خستوونەتە خوارەوە و پاشماوەی یەکێکیان لە شاری تاگانرۆگی باشووری رۆژئاوای رووسیا بووەتە هۆی برینداربوونی لانیکەم 15 کەس.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رۆژی هەینی 28-07-2023 لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "سیستمی بەرگریی رووسیا مووشەکێکی ئۆکراینیی دۆزییەوە و خستیە خوارەوە. پاشماوەی مووشەکە ئۆکراینییە تێکشکێندراوەکە کەوتە ناوچەیەکی تاگانرۆگ."
مووشەکی دووەمیش لە نزیک شاری ئازۆڤ هەر لە هەرێمی رۆستۆڤ خراوەتە خوارەوە.
بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، مووشەکی یەکەم ئاراستەی ناوچەیەکی "نیشتەجێبوونی سڤیل" لە شاری تاگانرۆگ کرابوو، کە نزیکەی 250 هەزار کەس لەو شارە دەژین.
ڤاسیلی گۆلوبێڤ، سەرۆکی هەرێمی رۆستۆڤی رووسیا باسی لەوە کرد کە 15 کەس بەهۆی پاشماوەی مووشەکەکەوە لە قاوەخانەیەکی شاری تاگانرۆگ "بە سووکی برینداربوون."
گۆلوبێڤ لە تەلیگرامدا دەڵێت، "تیمەکانی فریاکەوتن لە شوێنی رووداوەکەن. هیچ کەس نەمردووە. ژمارەیەک بریندار هەن کە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیان بۆ نێردراوە."
سەرۆکی هەرێمی رۆستۆڤ باسی لەوە کرد، 9 کەس لە بریندارەکان گوێزراونەتەوە نەخۆشخانە.
تاگانرۆگ دەکەوێتە سەر دەریای ئازۆڤ و 40 کیلۆمەتر لە ئۆکرایناوە دوورە. شارەکە هەروەها دەکەوێتە سەر رێگەیەک کە بەرەو ماریوپۆڵ دەڕوات، کە ساڵی رابردوو، دوای گەمارۆدان، رووسیا کۆنترۆڵی کرد.