ترەمپ: سزاش بدرێم، لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەردەوام دەبم

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، تەنانەت ئەگەر لەلایەن دادگەوە بە "هەر تاوانێک" سزا بدرێت، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024ی ئەمریکا ناکشێتەوە.
 
بەربژێرە تەمەن 77 ساڵییە کۆمارییەکە تۆمەتبارە بەوەی لەدوای جێهێشتنی کۆشکی سپی، بەڵگەنامە نهێنییەکانی تایبەت بە چەکی ئەتۆمی و بەرگریی ئەمریکای شاردوونەتەوە و ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکای خستووەتە مەترسییەوە.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی، پرسیار لە دۆناڵد ترەمپ کرا، ئایا سزادان هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی دەوەستێنێت؟ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتی، "نەخێر، بە هیچ شێوەیەک." ئاماژەی بەوەش کرد، "هیچ شتێک لە دەستووردا نییە" رێگریی لێ بکات و نەهێڵێت خۆی بەربژێر بکاتەوە.
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، "تەنانەت سەرشێتە چەپە تووندڕۆکانیش دەڵێن ئەو شتە بە هیچ شێوەیەک روونادات، واتە من ناوەستێنێت؛ هەر بەو جۆرەیشە. ئەم کەسانە نەخۆشن؛ ئەوەی دەیکەن زۆر خراپە."
 
ترەمپ باسی لەوە کرد، سەرۆکەکانی پێشتر، لەنێویاندا باراک ئۆباما و جۆرج بووشی کوڕ، "بەڵگەنامەیان بردبوو،" ئەوانیش هەمان ئەو کارەیان کردووە کە وەکو "تاوانێک" ترەمپ پێی تۆمەتبار دەکرێت.
 
بە گوتەی ئەو سەرۆکەی پێشووی ئەمریکا، "هەرگیز کەسێک بەدوای ئەواندا [ئۆباما و بووشی کوڕدا] نەچوو."
 
ترەمپ دووجار لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە تۆمەتبار و سەرکۆنە کراوە؛ مانگی رابردوو تۆمەتبار کرا بەوەی لە رێگەی خراپ بەکارهێنانی بەڵگەنامە نهێنییەکانەوە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکای خستووەتە مەترسییەوە.
 
لەنێو کۆمارییەکاندا ترەمپ لایەنگرێکی زۆری هەیە؛ دوایین راپرسی کە رۆژی 27ی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، دەری دەخات کە 46%ی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە دەڵێن، دەنگ بە ترەمپ دەدەن بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێری کۆمارییەکان؛ 22%یان دەڵێن دەنگ بە رۆن دی سانتس، حاکمی ویلایەتی فلۆریدا دەدەن و بەربژێرەکانی دیکە لەوانەش مایک پێنسی جێگری دۆناڵد ترەمپ لە کاتی سەرۆکایەتییەکەیدا کەمتر لە 10%ی دەنگدەرانیان لەگەڵدایە.