گەنجێکی ئیدارەی راپەڕین لە جەنگەڵی دانکیخ لە فەرەنسا کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی، لە رووداوێکدا لە جەنگەڵی دانکیخ لە فەرەنسا بە گولـلە کوژرا.
رووداوەکە ئێوارەی 27ی تەمموز روویداوە؛ ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی بەشدار حەسەنە و بە بەشدار تەیرۆ ناسراوە.
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەری لە ئەورووپا ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەسەی کوژراوە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەی کورد شەڕی بووە و ئەو رووداوەی لێکەوتووەتەوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەشدار حەسەن حەوت گولـلەی بەرکەوتووە و سەرەتا بە سەختی بریندار بووە، بەڵام دواتر گیانی لەدەستداوە.
کەسێکی ئاگادار لە رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە رابردوودا بەشدار لەگەڵ چەند کوردێک لەسەر پەڕاندنەوەی کۆچبەر بەشەڕهاتوون."
15ی مانگی رابردوو، هەر لە جەنگەڵی دانکیخ، دوو هاونیشتمانی بە ناوەکانی کارزان عەبدوڵڵا و محەممەد نەجم کوژران.
لە رووداوێکی دیکەی هاوشێوەدا، 14ی مانگی 12ی پار، لە جەنگەڵەکەدا 5 کەس کوژران کە دووانیان هاونیشتمانیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
ئەو کەسانەی لە جەنگەڵی دانکیخ لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا دەمێننەوە، زۆرینەیان لەگەڵ فرۆشتنی هەندێک خۆراک یان پێداویستیی رۆژانە، کاری قاچاخچێتی دەکەن بۆ گەیاندنی خەڵک لە رێگەی بەلەمەوە بە بەریتانیا.
جەنگەڵی دانکیخ بە دووریی 235 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری پاریس لە وڵاتی فەرەنسا.