نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 700 ملیۆن کەس بە دەست کەمی خۆراکەوە دەناڵێنن

رووداو دیجیتاڵ
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات، ئاماری برسیێتی لە ساڵی 2024ـدا کەمێک دابەزیوە، بەڵام هێشتا لەنێوان 638 بۆ 720 ملیۆن کەس بەدەست کەمیی خۆراکەوە دەناڵێنن و ژمارەکە لە ئەفریقا رووی لە زیادبوون کردووە.
 
رۆژی دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025 نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی بەناوی "دۆخی ئاسایشی خۆراک و خۆراکی جیهان" بڵاوکردەوە کە لەلایەن چەندین ئاژانسی سەر بە رێکخراوەکە ئامادەکراوە، لەوانەش رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ و بەرنامەی جیهانیی خۆراک.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پار نزیکەی 8.2%ی دانیشتووانی جیهان، رووبەڕووی برسیێتی بوونەتەوە، کە بەراورد بە پێرار 0.3% کەمیکردووە.
 
راپۆرتەکە، کە لە لووتکەی سیستمی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەدیس ئەبابای پایتەختی ئەسیوپیا بڵاوکرایەوە، ئەوە رووندەکاتەوە کە رێکخراوەکە چەندە دوورە لە گەیشتن بە ئامانجەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە برسیێتیی جیهان تاوەکو ساڵی 2030.
 
راپۆرتەکە دەڵێت، پێشبینییەکانی ئێستا ئاماژە بەوە دەکەن تاوەکو کۆتایی ئەم دەیەیە، نزیکەی 512 ملیۆن کەس هێشتا تووشی بەدخۆراکی دەبن، کە 60%یان لە ئەفریقا دەبن.
 
ئەلڤارۆ لاریۆ، سەرۆکی سندووقی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵی، رایگەیاند، "ئامارەکانی برسیێتیی جیهانی بەراورد بە ساڵانی 2022 و 2023 کەمێک باشتر بوون، بەڵام نەگەڕاوینەتەوە بۆ ئاستەکانی پێنج ساڵ لەمەوبەر."
 
چوار لە پێنج خراپترین وڵات لە رووی ئاسایشی خۆراکەوە لە ئەفریقان و ئەوانیش بریتین لە نایجیریا، سوودان، کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ و ئەسیوپیا.
 
راپۆرتەکە هەروەها تیشک دەخاتە سەر دۆخی کەرتی غەززە، کە تەواوی دانیشتووانەکەی رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە. 
 
لاریۆ لەبارەی غەززە گوتی، "نەبوونی رێگەپێدان بۆ گەیاندنی یارمەتی چەندین مانگە بەردەوامە و ئێستا دەبینین خەڵک لە برسان دەمرن." هەروەها گوتی: "پێویستە رێگە بدرێت بەپەلە هاوکاریی مرۆیی بگەیێندرێتە غەززە."
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "سەرەڕای بەرهەمهێنانی خۆراکی پێویست لەسەر ئاستی جیهان، ملیۆنان کەس برسی دەبن یان تووشی بەدخۆراکی دەبن، چونکە خۆراکی سەلامەت و باش بەردەست نییە، دەستپێڕاگەیشتن پێی ئاسان نییە، یان زۆرجار نرخەکەی گونجاو نییە."
 
بەتەوە یەکگرتووەکان پێیوایە، ئاسایشی خۆراک لەدوای پەتای کۆڤید-19 و هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە ساڵی 2022 خراپتر بووە.