شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەلجیکا
رووداو - هەولێر
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا، سەردانی بەلجیکا دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپاش کۆدەبنەوە.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، کە لە هەمانکاتدا وەزیری بازرگانییە بە وەکالەت، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرز و وەزیرانی ئابووری و بازرگانی کۆدەبێتەوە.
ئاژگەیی روونیکردەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرز پێشتر سەردانی کوردستانی کردووە و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە و داوەتنامەی پێشکەش کردوون، بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمەکەیان بکەن، حکومەتی هەرێمیش قبوڵی کردووە و رۆژی دووشەممە شاندەکە دەگاتە بەلجیکا.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا لەبارەی ئامانجی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکانی نێوان هەردوولایە و گوتی "فلاندەرز هەرێمێکی دەوڵەمەندە و داهاتی گشتی لە ساڵی 2014دا 180 ملیار یۆرۆ بوو، دەتوانن کۆمپانیاکانیان بێن لە کوردستان کار بکەن، هەروەها پێشتر داوامان لێکردبوون کە هەندێ قوتابی کورد لە زانکۆکانیان وەربگرن، بەگشتیش دروستکردنی پەیوەندی نێوان زانکۆکانی کوردستان و زانکۆکانی فلاندەرز".
ئاژگەیی گوتیشی، رۆژی یەکی مانگی داهاتوو شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا کۆدەبێتەوە. لەوانە لەگەڵ کۆمیسیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری مرۆیی و بەرپرسی بەشی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی کۆدەبێتەوە، تایبەت بە هاوکاری هەرێمی کوردستان لە پرسی ئاوارەکان.
رۆژی 7-4-2016 خێرت بۆرژوا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا، بە سەردانێک گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆبووەوە.