بەرپرسێکی کەنەدی بۆ رووداو: دان بە دیمەشقدا نانێین تاوەکو دان بە دەسەڵاتی دیفاکتۆی کورددا نەنێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی حکومەتی کەنەدا رایگەیاند، ئەگەر دیمەشق بیەوێت ئۆتاوا دانی پێدا بنێت و سزاکانی لەسەر هەڵبگرێت، دەبێت وەک دەسەڵاتی "دیفاکتۆ" دان بە کوردەکانی سووریادا بنێت، لەو ناوچانەی کە لە باکوور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا حوکمی دەکەن.
تۆم کمیچ، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کەنەدا، رۆژی چوارشەممە 27-08-2025 بە رووداوی گوت: "پێویستە بگەنە جۆرێک لە رێککەوتن ئەگەر چاوەڕوانی هەڵگرتنی سزاکانی رۆژئاوا دەکەن، بەتایبەتی لە وڵاتانێکی وەک کەنەداوە، کە هێشتا دانی بە حکومەتی نوێی سووریادا نەناوە. ئەگەر دەیانەوێت دانپێدانان و کۆتاییهاتنی سزاکان بەدەستبهێنن، دەبێت دەوڵەتێکی بێلایەن و گشتگیر دابمەزرێنن کە وەک دەسەڵاتی دیفاکتۆ دان بە کوردەکاندا بنێت لە رۆژئاوا."
ناکۆکی لەسەر "تێکەڵکردن"
لە 10ـی ئاداردا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، رێککەوتنێکی مێژووییان واژۆ کرد بۆ تێکەڵکردنی "هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان" لە رۆژئاوا لەژێر ئیدارەی دەوڵەتی سووریادا، بەڵام رێککەوتنەکە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
هەردوولا هێشتا لەسەر لێکدانەوەی زاراوەی تێکەڵکردن ناکۆکن. لە کاتێکدا هەسەدە دەیەوێت وەک بلۆکێکی یەکگرتوو بچێتە پاڵ هێزەکانی سووریا، دیمەشق خوازیاری هەڵوەشاندنەوە و تێکەڵکردنی تاکەکەسیی شەڕڤانە کوردەکانە لەنێو سوپای سووریادا.
داهاتووی کورد لە سووریای نوێدا
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا کوردەکان داوای ئۆتۆنۆمی دەکەن لە حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق، کمیچ گوتی "ئەوە لە کۆتاییدا سووریاییەکان بڕیاری لێدەدەن."
گوتیشی: "گفتوگۆی نێو کۆمەڵگەی مەدەنیی سووریا لەسەر ئەوە دەبێت کە چەندە ئۆتۆنۆمی و بە چ شێوەیەک بێت. پرسیارە راستەقینەکە ئەوەیە کە ئایا دەتوانن پێکەوە بژین. کورد لە باشوور (کوردستانی عێراق) سەلماندیان کە لەگەڵ بەغدا دەکرێت. دڵنیام کورد لە رۆژئاواش دەتوانن رێگەیەک بۆ پێشەوە بدۆزنەوە."
گرژییەکان بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردنەوە
کاتێک حکومەتی نوێی سووریا بڕیاریدا هەڵبژاردن لە ناوچە کوردنیشینەکان دوابخات، گرژییەکان زیاتر بوون، ئەمەش بە بیانووی نیگەرانیی ئەمنی، هەنگاوێک کە رەخنەی تووندی کوردەکانی لێکەوتەوە و دەنگدانە پلان بۆ داڕێژراوەکەیان بە "نادیموکراتی" وەسفکرد.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کەنەدا رایگەیاند، پێویستە هەموو لایەنەکان لە سووریادا پێکەوە کۆببنەوە و دەستوورێکی نوێ پەسند بکەن، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە هەمەچەشنەکانی وڵاتەکە بکات.
کمیچ جەختی کردەوە، دەستوورە نوێیەکە "دەبێت هەموو خەڵک لەخۆبگرێت. ناتوانێت تەنیا پێکهاتە کۆنەکان یان ناوی دەوڵەت بپارێزێت. ئەگەر وابکات، سووریا مەترسیی دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردووی لەژێر دەستی بەشار ئەسەد و باوکیدا هەیە."