ئەمازۆن 14 هەزار کارمەند کەم دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئەمازۆن، کە گەورەترین کۆمپانیای فرۆشتنی ئۆنلاینی ئەمریکییە، بڕیاری داوە 14 هەزار هەلی کار لە سەرانسەری جیهان کەم بکاتەوە. ئەم بڕیارە بەشێکە لە هەوڵەکانی کۆمپانیاکە بۆ رێکخستنەوەی کارەکانی و وەبەرهێنان لە بواری ژیریی دەستکرد، بەڵام کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە نەکردووە کەمکردنەوەکە لە کوێی جیهان دەبێت.
لە راگەیاندنێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی کۆمپانیاکە بڵاوکراوەتەوە، ئەمازۆن ئاماژەی بەوە داوە، کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندەکانی بەشێکە لە "بەردەوامیی" هەوڵەکانی بۆ بەهێزتربوون و بەرەوپێشبردن، بە رەچاوکردنی کەمکردنەوەی "زیاتری بیرۆکراسیەت و گۆڕینی سەرچاوەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی وەبەرهێنان لە گەورەترین و گرنگترین پڕۆژەکان دەکەین."
بێت گالێتی، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای ئەمازۆن دەڵێ: "لەکاتێکدا ئەم هەنگاوە بەگشتی کەمکردنەوەی کارمەند لە هەندێک بوار و دامەزراندن لە هەندێکی دیکە لەخۆدەگرێ، کەمکردنەوەی نزیکەی 14,000 رۆڵ لە هێزی کاری کۆمپانیاکەدا دەبێت."
گالێتی جەختی لەسەر بایەخی ژیریی دەستکرد لە کاری کۆمپانیاکەدا کردەوە و بە "تەکنەلۆژیای گۆڕانکاریهێنەر" ناوی برد، هەروەها روونی کردەوە کە ژیریی دەستکرد "رێگە بە کۆمپانیاکان دەدات زۆر خێراتر لە جاران داهێنان بکەن."
میدیای ئەمریکا دەڵێ، ئەمازۆن پلانی هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا نزیکەی 30 هەزار هەلی کار لە جیهاندا کەمبکاتەوە و زۆربەیشیان بوار و بەشەکانی وەک سەرچاوە مرۆییەکان، ریكلام و بەڕێوەبردن دەگرنەوە.
کۆمپانیای ئەمازۆن زیاتر لە 1.5 ملیۆن کارمەندی هەیە و لەو ژمارەیەش 350 هەزار کەسیان لەنێو نووسینگەکان کاردەکەن.