فڕۆکەیەک لە کینیا کەوتەخوارەوە و 11 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
هێڵی فڕۆکەوانیی کینیا دەڵێت، فڕۆکەیەکی بچووک کە لە ناوچە کەناراوەکانی ئەو وڵاتەوە فڕیوە، کەوتووەتە خوارەوە و بەو هۆیەوە هەموو سەرنشینەکانی، کە 11 کەس بوون، گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی سێشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2025، فڕۆکە بچووکەکە لە ناوچەیەکی بچووکی گەشتییاری لە نزیک ناوچەکی پارکی نیشتمانی "ماسای مارا" کاژێر 5:00ی بەیانی کەوتە خوارەوە.
جۆن کلیڤ، سەرۆکی کۆمپانیای مۆمباسا ئێیەر سەفاری، رووداوەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی، 10 سەرنشین لەگەڵ فڕۆکەوانەکەدا لەنێو فڕۆکەکەدا بوون کە هەشتیان هەنگاری و دووانیان ئەڵمانی بوون.
لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکی کۆمپانیاکە گوتی، "بەداخەوە هیچ ڕزگاربوویەک نییە،" ئاماژەی بە زانیارییە سەرەتاییەکان کرد و گوتی کە ئەوان "تیمی کاردانەوەی فریاگوزارییان چالاککردووە" و هاوکاری دەسەڵاتدارانی نێوخۆیی دەکەن.
لە راگەیێندراوێکی پێشووتری دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانیی کینیا (KCAA) ئاماژە بەوە کرابوو کە فڕۆکەکە لە کاتی کەوتنە خوارەوەیدا 12 کەسی هەڵگرتبوو.
KCAA هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەخستەڕوو، بەڵام گوتی کە دەزگا حکومییەکان لە شوێنی رووداوەکەن بۆ زانینی هۆکاری رووداوەکە.