هاووڵاتییەکی عێراقی بە تۆمەتی ئەندامێتیی داعش لە ئەڵمانیا دەستگیر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی فیدراڵیی ئەڵمانیا رایگەیاند، هاووڵاتییەکی عێراقیی بە تۆمەتی ئەندامێتیی داعش لە باشووری وڵاتەکە دەستگیر کردووە.
بەپێی راگەیێندراوێک، کە دانەیەکی بۆ رووداو نێردراوە، گوتەبێژی داواکاری گشتیی ئەو وڵاتە دەڵێت، "گومانلێکراوێک بە ئەندامێتیی داعش، بەناوی سەلیم ئا. لە شاری ئاوگزبورگ ئەمڕۆ 28-10-2025 دەستگیر کراوە."
لەبارەی دەستگیرکراوەکەشەوە ئەوە خراوەتەڕوو، "هاووڵاتیی عێراقە و لانیکەم لە نیسانی 2016 تاوەکو ئابی هەمان ساڵ چەکدار بووە لە یەکینەیەکی داعش لە رەققە."
هەر ئەمڕۆ ئەو کەسە دەستگیرکراوە براوەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە و بڕیاری بەندکردنی بۆ دەرچووە.