لاڤرۆڤ: چاوەڕێی پێشنیازی ئەمریکاین بۆ بەدەستهێنانی ئاشتییەکی درێژخایەن

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، چاوەڕێی ئەوەن ئەمریکا ئەو پلانە ئاشتییە پشتڕاست بکاتەوە کە لە مانگی ئاب لە لووتکەی ئەلاسکا پێشکێشی شاندی رووسیای کرد. دەشڵێت، وڵاتەکەی لەسەر بنەمای ئەو پلانە "ئامادەیە بچێتە نێو رێککەوتنە کۆتاییەکانەوە."
 
رۆژی سێشەممە 28-10-2025 سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە مینسکی پایتەختی بێلاڕووس قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "هێشتا چاوەڕێی ئەوەین ئەمریکا ئەو پێشنیازانە پشتڕاست بکاتەوە کە پێشکێشیان کردین و ئێمەش وەک بنەما وەرمانگرتن."
 
لاڤرۆڤ رایگەیاند، هیوادارە "ئاشتییەکی درێژخایەنی جێگیر" لەنێوان رووسیا و ئۆکراینادا سەربکەوێت، نەوەک ئاگربەستێکی کاتی.
 
وەزیری دەورەوەی رووسیا گوتیشی، "پێش لووتکەی ئەلاسکا و دوای ئەلاسکا، سەرۆک ترەمپ گوتی، پێویستمان بە ئاشتییەکی درێژخایەنی جێگیرە لەبری ئاگربەستێکی کاتی کە هیچ شتێک نادات بەدەستەوە، تەنانەت ئەگەر ساڵێک یان دوو ساڵیش بخایەنێت. ئەمانە قسەکانی ئەون. هیوادارم ئەو لۆژیکی ئاشتییە درێژخایەنە کە لەلایەن ئەمریکاوە باسیکرا، سەربکەوێت."
 
لێدوانەکانی لاڤرۆڤ دوای ئەوە دێن کە رۆژی یەکشەممە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوت و گوێی لە راپۆرتێک گرت کە باسی لەوە دەکرد مووشەکێک کە بە وزەی ئەتۆمی کار دەکات، لە تاقیکردنەوەیەکدا 14,000 کیلۆمەتری بڕیوە. 
 
رووسیا رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، ئەو چەکە لەلایەن بەرگریی ئاسمانییەوە راناگیرێت.
 
گوتەکەی لاڤرۆڤ دوای هەفتەیەک لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر کەرتی نەوت و گازی رووسیا لە لایەن ئەمریکاوە دێت و ئەورووپاش بەڵێنی داوە هاوکاریی نوێی سەربازی بداتە ئۆکراینا.