رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی: بەلەمێک لە کەناراوەکانی لیبیا ژێرئاو کەوت و 18 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی کۆچی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (IOM) رایگەیاند، رۆژی سێشەممە بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی دارەوە، کە دەیان کۆچبەری هەڵگرتبوو لە کەناراوەکانی لیبیا، 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و 64 کەسی دیکەش رزگارکراون.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ رایگەیاند، بەلەمەکە "تەنیا چەند کاژێرێک دوای دەستپێکردنی گەشتەکەی، بەهۆی بەرزیی شەپۆلەکانەوە ژێرئاو کەوتووە." رووداوەکە لە کەناراوەکانی شاری سورمانی باکووری رۆژئاوای لیبیا روویداوە.
راگەیێنراوەکە دەڵێ: "لەنێو رزگاربووەکاندا 29 پیاو، یەک ژن و یەک منداڵی سوودانی؛ 18 پیاوی بەنگلادیشی؛ 12 پیاوی پاکستانی و سێ پیاوی سۆماڵی هەن." هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی رەچەڵەکی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە لەبەردەستدا نییە.
IOM رایگەیاند: "ئەم رووداوە، بیرخەرەوەیەکی تاڵی ئەو مەترسییە گەورانەن، کە رووبەڕووی ئەوانە دەبنەوە، کە گەشتی دەریایی مەترسیدار دەکەن."
رێکخراوەکە رایگەیاند، رێڕەوی دەریای نێوەڕاست لە باکووری ئەفریقاوە بۆ ئەورووپا، یەکێکە لە کوشندەترین رێڕەوەکانی کۆچ لە جیهاندا.
ئاژانسەکە رایگەیاند، پڕۆژەی کۆچبەرە بێسەروشوێنەکان، لەم ساڵدا تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی 1,046 کەسی لەو رێڕەوەدا تۆمار کردووە، کە 527یان لە کەناراوەکانی لیبیا بوون.
رووداوەکەی رۆژی سێشەممە دوای ئەوە دێت، کە هەفتەی رابردوو، تەرمی 40 کۆچبەری ئەفریقی لەدوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە کەناراوەکانی تونس دۆزرانەوە.