تیمەکان لە رزگارکردنی ئەو 41 کەسە نزیکدەبنەوە کە لە تونێلێکی هیندستان گیریان خواردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

17 رۆژە تیمێکی 41 کەسی لە تونێلێکی هیندستان گیریانخواردووە، بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن تەنیا 5 مەتر هەڵکەندن ماوە بۆ ئەوەی پێیان بگەن.
 
رۆژی سێشەممە، 28-11-2023، تیمی فریاگوزاری هیندستان رایگەیاند، "چەند رۆژێکە بە دەست خۆڵ و بەرد لادەبەین و لە هەڵکەندن بەردوامین بۆ ئەوەی بگەینە ئەو 41 کەسە."
 
پوشکار سینگ دامی، سەرۆکوەزیرانی ویلایەتی ئوترەخان رایگەیاند: "52 مەتر هەڵکەندراوە، تەنیا 5 مەترمان ماوە."
 
ئەوە 17 رۆژە جگە لە تیمی فریاگوزاری، پۆلیس و بەرگریی شارستانی تەنانەت سوپای هیندستانیش بەشدارن لە پرۆسەی رزگارکردنەکە. ئەوان جۆرە تەکنیکێک بەکاردەهێنن پێی دەگوترێت "کونی جرج".
 
راجپورت رای، شارەزایەکی هەڵکەندنە رایگەیاند: "چەند تیمێکی سێ کەسییمان پێکهێناوە و هەر جارێک تیمێک بە دەست و کەرەستە و ئامێر خۆڵ و وردە بەرد و دار و پەردوو لادەبەن. کاتێک کرێکارێک هەڵدەکەنێت، کرێکاری دووەم بە دەست ئەو شوێنە پاکدەکاتەوە و کرێکاری سێیەم خۆڵ و بەردەکە دەخاتە نێو عارەبانەیەکی بچووک و دەیباتە دەرەوە."
 

ئەو 41 کەسە لە شوێنێکی کراوەدا گیریان خواردووە؛ خواردن، ئاو، ئۆکسجین و دەرمانیان لە رێگەی بۆرییەکەوە پێدەدرێت.
 
کریس کوپەر، شارەزای تونێل، کە راوێژ بە تیمەکان دەدات گوتی: "هەموو کارەکە دەکەوێتە سەر دۆخی زەوییەکە، بەڵام من گەشبینم."
 
موسارات جاهان، کە هاوژینی لە نێو تونێلەکە گیری خواردووە، گوتی: "تاکە سەرچاوەی هێزی ئێمە خودایە."
 
ئەم رووداوە لە تونێلی سیلکیارا لە ویلایەتی ئوترەخان لە هیندستان روویداوە. چەند رۆژێک بوو تیمێکی ئەندازیاری خەریکی هەڵکەندنی تونێلێک بوون، بەڵام لە 12-11-2023 کاتێک ویستیان بۆرییەکی ستیل لە قووڵایی 57 مەتر جێگیربکەن، کۆنکریت و داروپەردووی شوێنەکە بەسەریاندا رووخا و 41 کەس لە ژێرەوە گیریان خوارد.
 

هێزی نیشتیمانیی بەرپەرچدانەوەی کارەساتەکانی هیندستان، بەرگریی شارستانی، ئەمبوڵانس، پۆلیس و تەنانەت نەخۆشخانەیەکی مەیدانییش لەو شوێنە چاوەڕێن ئەو 41 کەسە رزگار بکرێن و کاری پێویستییان بۆ بکرێت.
 
کێشەی سەرەکی خاویی پرۆسەکە، هەروەک ئەندازیارێک باسیکرد ئەوەیە، بەهۆی سەختیی شوێنەکە ئامێرە گەورەکانی هەڵکەندن لە کاردەکەون و تیمی میکانیکی خەریکی چاککردنەوەیان دەبێت ئەمەش کاتێکی زۆری دەوێت. هەندێکجاریش لە ئەنجامی هەڵکەندن داروپەردووی زیاتر بەردەبنەوە و کارەکە قورستر دەکەن.
 

رۆژی سێشەممە 21-11-2023، هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە رێگەی بۆرییەکەوە کامێرایەکیان ناردە ژوورەوە و توانییان ئەو 41 کەسە ببینن. لە ڤیدیۆکە دەرکەوت کە هەموویان زیندوون و لە شوێنێکی کراوەدا گیریان خواردووە کە 8.5 مەتر بەرزە و نزیکەی دوو کیلۆمەتر درێژە. بەرگریی شارستانی هەر لەو بۆرییەوە ئۆکسجین، ئاو، خواردن و کارەبای بۆ دابینکردوون.
 
تونێلی سیلکیارا لەلایەن کۆمپانیای ئەندازیاریی ناڤایوگاوە دروستدەکرێت. پرۆژەی ئەو تونێلە یەکێکە لە پلانەکانی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان بۆ کەمکردنەوەی ماوەی نێوان هەندێک ناوچەی گەشتیاری و زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە هەندێک ناوچەی ستراتیژیی سنووری نێوان هیندستان و چین. هەرچەندە، بەپێی میدیای هیندستان، شارەزایان هۆشدارییان لەبارەی ئەو پرۆژەیە داوە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی زنجیرەیەک بوومەلەرزە.