سەرجەم کرێکارە گیرخواردووەکانی هیندستان رزگارکران
رووداو دیجیتاڵ
ئەو 41 کرێکارەی لە تونێلێکی هیندستان لە 12ـی ئەم مانگەوە گیریان خواردبوو، رزگارکران.
تیمەکانی رزگارکردن ماوەی 17 رۆژ بە بەردەوامی لە هەوڵی رزگارکردنیاندا بوون، ئەمڕۆ سێشەممە، 28-11-2023، دواجار توانییان یەک بە یەک رزگاریان بکەن.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، تیمی فریاگوزاری هیندستان رایگەیاند، "چەند رۆژێکە بە دەست خۆڵ و بەرد لادەبەین و لە هەڵکەندن بەردوامین بۆ ئەوەی بگەینە ئەو 41 کەسە".
لەو 17 رۆژەدا، جگە لە تیمی فریاگوزاری، پۆلیس و بەرگریی شارستانی تەنانەت سوپای هیندستانیش بەشدار بوون لە پرۆسەی رزگارکردنەکە. ئەوان جۆرە تەکنیکێکیان بەکارهێنا کە پێی دەگوترێت "کونی جرج".
ئەو 41 کەسە لە شوێنێکی کراوەدا گیریان خواردبوو؛ خواردن، ئاو، ئۆکسجین و دەرمانیان لە رێگەی بۆرییەکەوە پێدەدرا.
ئەم رووداوە لە تونێلی سیلکیارا لە ویلایەتی ئوترەخان لە هیندستان روویدا. چەند رۆژێک بوو تیمێکی ئەندازیاری خەریکی هەڵکەندنی تونێلێک بوون، بەڵام لە 12-11-2023 کاتێک ویستیان بۆرییەکی ستیل لە قووڵایی 57 مەتر جێگیربکەن، کۆنکریت و داروپەردووی شوێنەکە بەسەریاندا رووخا و 41 کەس لە ژێرەوە گیریان خوارد.
هێزی نیشتیمانیی بەرپەرچدانەوەی کارەساتەکانی هیندستان، بەرگریی شارستانی، ئەمبوڵانس، پۆلیس و تەنانەت نەخۆشخانەیەکی مەیدانییش لەو شوێنە چاوەڕێی ئەو 41 کەسە بوون رزگار بکرێن تاوەکو کاری پێویستیان بۆ بکەن.
ئەندازیارانی پرۆژەکە دەڵێن، کێشەی سەرەکی خاویی پرۆسەکە ئەوەبوو، بەهۆی سەختیی شوێنەکە ئامێرە گەورەکانی هەڵکەندن لەکاردەکەوتن. هەندێکجاریش لە ئەنجامی هەڵکەندن، داروپەردووی زیاتر بەردەبوونەوە و کارەکەی قورستر دەکرد.
رۆژی سێشەممە 21-11-2023، هێزەکانی بەرگریی شارستانی لە رێگەی بۆرییەکەوە کامێرایەکیان ناردە ژوورەوە و توانییان ئەو 41 کەسە ببینن. لە ڤیدیۆکە دەرکەوت کە هەموویان زیندوون و لە شوێنێکی کراوەدا گیریان خواردووە کە 8.5 مەتر بەرزە و نزیکەی دوو کیلۆمەتر درێژە.
تونێلی سیلکیارا لەلایەن کۆمپانیای ئەندازیاریی ناڤایوگاوە دروستدەکرێت. پرۆژەی ئەو تونێلە یەکێکە لە پلانەکانی نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان بۆ کەمکردنەوەی ماوەی نێوان هەندێک ناوچەی گەشتیاری و زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە هەندێک ناوچەی ستراتیژیی سنووری نێوان هیندستان و چین. هەرچەندە، بەپێی میدیای هیندستان، شارەزایان هۆشدارییان لەبارەی ئەو پرۆژەیە داوە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی زنجیرەیەک بوومەلەرزە.