لە کەنەدا 600 هەزار فەرمانبەر بایکۆتی دەوام دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
سەدان هەزار فەرمانبەر لە پارێزگای کیوبیکی کەنەدا بەهۆی جێبەجێنەکردنی داواکانیان بڕیاریانداوە بایکۆت بکەن. فەرمانبەرەکان لە کەرتی پەروەردە، پیشەوەران، بەرگری شارستانی و کەرتی تەندروستی بڕیاری راگرتنی کارکردنیان داوە و کێشەی سەرەکییشیان مووچەیە.
 
رۆژی سێشەممە 28-11-2023، لە پارێزگای کیوبیکی کەنەدا 600 هەزار فەرمانبەری قوتابخانە، نەخۆشخانە و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی رایانگەیاند، بەهۆی کەمیی مووچەکانیان بایکۆتی کارکردن دەکەن.
 
لە شاری مۆنتریال چەندین فەرمانبەر لە دەرەوەی قوتابخانەیەک گردبوونەوە و ئاڵای نەتەوە یەکگرتووەکانیان بەرزکردەوە، لە بەشێک لە دروشمەکانیان نووسرابوو، "هەڵاوسان ئێمە هەژارتر و خاوەنکارەکان دەوڵەمەندتر دەکات" و "پاترییەکانمان وزەیان تێدا نەماوە".
 
ڤالێری فۆنتێن، سەرۆکی فیدراسیۆنی ستافی پشتیوانیی خوێندنی باڵا رایگەیاند، "ئێمە بڕوامان وایە حکومەت چەند بژارەیەکی هەیە، بەڵام خزمەتگوزاریی کەرتی حکومی یەکێک نییە لە بژارەکان. کێشەی ئێمە مووچەیە، بۆشاییەکی گەورە لە مووچەی کەرتی حکومیی هەیە".
 
ئێریک لێرێکس، مامۆستای قوتابخانەیەکی بنەڕەتییە گوتی، "ئێمە خزمەتگوزاریی زیاترمان بۆ قوتابخانەکان دەوێت، قوتابی کەمترمان لە پۆلەکان دەوێت".
 
فەرمانبەرەکان بەنیازن لە سێ رۆژی داهاتوودا لە بایکۆت بەردەوام بن. 420 هەزار کارمەندی خزمەتگوزاریی شارستانی، 66 هەزار مامۆستا و 80 هەزار پەرستار دەیانەوێت رۆژی پێنجشەممە و هەینی بایکۆتی دەوام بکەن.
 
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کیوبیک رایگەیاندووە، بایکۆت لەوانەیە تاوەکو سەری ساڵ بخایێنێت.
 
فیدراسیۆنی پەروەردەی سەربەخۆ لە کەنەدا ناسراو بە (FAE) رایگەیاندووە، رۆژی یەکشەممە و دووشەممە، 26 و 27ی ئەم مانگە، لەگەڵ نوێنەری خۆپێشاندەرەکان کۆبوونەتەوە و لە هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبن.
 
فیدراسیۆنی پەروەردەی سەربەخۆ لە کەنەدا 800 قوتابخانە و 65 هەزار مامۆستا بەڕێوەدەبات، رایگەیاندووە، مامۆستاکان داوای پارەی زیاتر، گرێبەستی باشتر، رۆژی پشووی زیاتر، ژینگەی کاری باشتر و زیادکردنی وانە بۆ قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت دەکەن.
 
رۆژی 27-11-2023، گیلۆم بۆڤرێت، سەرۆکی یەکێتیی پیشەوەرانی کیوبیک رایگەیاند، داواکارییەکانمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان راگەیاندووە. دەستەیەکی 33 کەسیی پێکدەهێنین بۆ بڕیاردان لەسەر جۆری رێپێوان، خۆپیشاندان و بایکۆتەکان.