نیشانشکێنێکی بەریتانی: دەوڵەمەندەکان پێیانگوتم بڕۆ لە کەرکووک هەر بۆ خۆشی خەڵک بکوژە


رووداو دیجیتاڵ 

نیشانشکێنێکی بەریتانی کە وەکو گەشتیار سەردانی هەندێک لە مەترسیدارترین شوێنەکان و ناوچەکانی جەنگی کردووە، بانگەشەی ئەوە دەکات، بازرگانیی بەناو "گەشتیاریی نیشانەشکێن" جۆرێکە لە پڕۆژەیەکی جیهانی. دەشڵێت، لە کەرکووک و لە کاتی شەڕی داعشدا ئۆفەری کوشتنی خەڵکی بۆ خۆشی بەرامبەر بڕێک پارە پێدراوە. 
 
ئەندرۆ دروری، هاووڵاتییەکی بەریتانییە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە کاتی گەڕانی بەنێو چەند وڵاتێکی پڕ لە ململانێدا لە دوو دەیەی رابردوودا، داوای لێکراوە هەر بۆ خۆشی تەقە لە خەڵکی سڤیلی بێتاوان بکات و بیانکوژێت. ئەو دەڵێت، لە بەرامبەر ئەوەدا بەڵێنی پارەی لەلایەن کەسانی دەوڵەمەندەوە پێدراوە. 
 
دروری بیرۆکەی لەو جۆرەی بە "شێتانە" وەسفکردووە و دەڵێت، لە کاتی سەردانکردنی بەرەکانی جەنگ لە کەرکووک، خۆیشی داوای لێکراوە بەشداری بکات.
 
دروری بەڕێوەبەری بیناسازییە و بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، "ئۆفەرم پێدرا کە گولـلەیەک بە چەکی قەناس بتەقێنم. تەنانەت سەیری نێو دووربینەکەشم نەکرد و تەقەم کرد. ناتوانم مرۆڤێک بکوژم، بەڵام خەڵکانێک هەن بەردەوام ئەم کارە دەکەن". 
 
ئەو نیشانەشکێنە بەریتانییە بانگەشەی ئەوە دەکات، خەڵک هەبوو گەشتیان دەکرد بۆ عێراق و پەیوەندییان بە پێشمەرگەوە دەکرد، هەرچەندە پەیوەندییان کردبوو و دژی داعش دەجەنگان "بەڵام لەو کاتەدا خەڵکیان دەکوشت". 
 
ئەو ئەم جۆرە سەردانەی بە "گەشتیاریی کوشتن" ناوبردووە. دەشڵێت، "ئەمە گەشتیاریی نییە، ئەمە کوشتنە."
 
ئەندرۆ دروری ئێستا رۆژنامەنووسە و سەرقاڵی تۆمارکردن و ئامادەکردنی بەڵگەفیلمە، روونیکردەوە، ناچار بووە خۆی بپارێزێت لە کاتی سەردانی ناوچەکانی جەنگ بۆ ئەوەی تووشی کوشتنی مرۆڤی سڤیل نەبێت. هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات "چەند جارێک تەقەی لێکراوە" لە کاتی وێنەگرتن لە شاری کەرکووک.

 

 
لێکۆڵینەوەکان لە ئیتاڵیا و دۆسیەی بۆسنە
 
ئەندرۆ دروری تەنیا کەس نییە بانگەشەی ئەوە دەکات داوای لێکراوە خەڵکی سڤیل بکوژێت. 
 
ئێستا داواکارانی گشتیی ئیتاڵیا لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە دەکەن کە دەڵێن هاووڵاتیانی ئیتاڵی لەنێو ئەو کەسانەدان گوایە بڕی نزیکەی 70 هەزار پاوەندیان داوە بۆ چوونیان بۆ کوشتنی خەڵک تەنیا بۆ خۆشی. 
 
لە کاتی جەنگی چوار ساڵەی بۆسنیادا، زیاتر لە 11 هەزار کەس لە سەرایڤۆ کوژران. شەقامێکی سەرەکیی سەرایڤۆ ناوی "کۆڵانی نیشانەشکێنەکان"ـی لێنرا، چونکە بووە یەکێک لە ترسناکترین شوێنەکانی جەنگەکە.
 
رۆژنامەنووس ئیتزیۆ گاڤازێنی دەڵێ، "خەڵکانێک لە هەموو وڵاتانی رۆژئاواوە بڕە پارەی زۆریان دەدا بۆ ئەوەی ببرێنە ئەوێ بۆ تەقەکردن لە خەڵکی سڤیل." گوتیشی، جگە لە ئیتاڵییەکان، خەڵکی دیکەش لەوانە ئەڵمانی، فەرەنسی و بەریتانی لەو کاتەدا چوونەتە بۆسنە. 
 
بە گوتەی ئەو رۆژنامەڤانە، "هیچ پاڵنەرێکی سیاسی یان ئایینی نەبوو بۆ ئەو کارە. ئەوان خەڵکی دەوڵەمەند بوون کە بۆ خۆشی و رازیکردنی خودی خۆیان دەچوونە ئەوێ."

 

 
تەقەکردن لە منداڵان بە پارەیەکی زیاتر
 
هەندێک راپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشداربووان پارەی زیاتریان پێدەدرا بۆ تەقەکردن لە منداڵان.
 
چالاکڤانی ئیتاڵی ئادرییانۆ سۆفری لە گوتارێکدا نووسیویەتی: "لە گرباڤیچا... کاتێک ئامانجەکە منداڵ بوو، راستە ئامانجێکی بچووکتر بوو، بەڵام تەقەکەرەکە دەستکەوتێکی گەورەتری بەدەستدەهێنا". دەشڵێت، "لەوێ گرووپێکی یۆنانی و ژاپۆنییەکی خۆبەخشیش هەبوو."
 
سەربازە ئەمەریکییەکە
 
جۆن جۆردان، مارێنزی پێشووی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە 'گەشتیارە تەقەکەرەکان' لە سەرایڤۆ هەبوون و کاریان کردووە.
 
ئەو رایگەیاندووە، "لە زیاتر لە بۆنەیەکدا ستافێکم بینی کە لە خەڵکی ناوچەکە نەدەچوون نە بە جلوبەرگیان، نە بەو چەکانەی هەڵیانگرتبوو و نە بە شێوازی مامەڵەکردنیان." دەشڵێت، ئەوان چەکی راوکردنیان پێبوو لەبری ئەو جۆرە کەرەستانەی چاوەڕێ دەکەیت لە ناوچەی جەنگدا بیبینی.
 
جۆردان دەگێڕێتەوە پیاوێکی بە بیردا دێت کە بە تفەنگێکی راوکردنەوە چووبووە ئەوێ، "زیاتر بۆ بەرازی کێوی گونجاو بوو تاوەکو شەڕی ناوشار" و، وەک "کەسێکی نەشارەزا" مامەڵەی پێوە دەکرد.
 
سەرۆکی سڕبیا تۆمەتبار دەکرێت و ئەویش رەتیدەکاتەوە
 
سەرۆکی سڕبیا رەتیکردووەتەوە لەو پرسە تێوەگلابێت. رۆژنامەنووسی لێکۆڵەر دۆماگۆی مارگێتیچ دەڵێت: "سەرۆکی وڵاتەکە، ئەلێکساندەر ڤوچیچ، لەگەڵ گەشتیارە چەکدارەکان کاری کردووە."
 
ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڤوچیچ 'خۆبەخشی جەنگ' بووە لە سەرایڤۆ لە ساڵی 1992 و 1993، گوایە لە گۆڕستانی جووەکان لە سەرووی شارەکە جێگیر بووە. ئەو دەشڵێت، "ئەوە گرانبەهاترین و تایبەتترین شوێن بوو بۆ تەقەکەرە بیانییەکان."
 
مارگێتیچ دەڵێت، گرتە ڤیدیۆییەکانی ساڵی 1993ی سەرۆکی وڵاتەکە پێشانی دەدەن کە نیشانشکێنێکی بەدەستەوەیە لە تەنیشت کۆمەڵێک چەکداری دیکە وەستاوە، بەڵام گوتەبێژەکەی سەرۆک ئەو تۆمەتانەی بە 'چەواشەکاریی کاڵفامانە' ناوبرد.
 
ڤوچیچ گوتی: "هەرگیز لە ژیانمدا قەناسم بەدەستەوە نەگرتووە. هەرگیز ئەو تفەنگەم نەبووە کە باسی دەکەن." گوتیشی: "شەرم بکەن. هیچ شتێک نییە کە داتان نەهێنابێت و درۆتان لەسەر نەکردبێت."

 

 
رەخنەکان و کۆتایی
 
پارێزەر نیکۆلا بریگیدا بە رۆژنامەی ئێل پایسی میدیای ئیسپانیای گوت، کە ژمارەیەک بەڵگەیان پێشکەش کردووە "پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە". بریگیدا پێشبینی دەکات هەندێک لە گومانلێکراوەکان "خەڵکی شەڕەنگێزن، رەنگە پاڵنەری ئایدۆلۆژیشیان هەبێت و ئاشقی چەک بن."
 
لێکۆڵینەوەکە رووبەڕووی وەڵامی جیاواز بووەتەوە، چونکە رەخنەگران دەڵێن زۆر سەخت دەبێت پشتڕاستی تاوانێک بکرێتەوە کە رەنگە کرابێت یان نەکرابێت لە مێژوویەکی هێندە کۆندا.
 
بەگوێرەی میدیای بۆسنیا، سەرەتای ئەم هەفتەیە، دایکێکی بۆسنی بانگەشەی ئەوەی کرد کە کوڕە شەش ساڵانەکەی بووەتە قوربانی دەستی ئەو "گەشتیارە نیشانشکێنانە" لە سەرایڤۆ. بانگەشەی ئەوە دەکات کە منداڵەکەی بۆ "خۆشی"ـی ئەوان کوژراوە.