ئەڵمانیا ئەم ساڵ 934 هەزار داواکاریی پەنابەریی رەتکردووەتەوە؛ هەزاران کوردی تێدایە
رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری تۆمارکردنی بیانیانی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، تاوەکو کۆتایی مانگی 10ی ئەم ساڵ 934 هەزار پەنابەر لە سەرتاسەری ئەڵمانیا داواکاریی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە؛ 153 هەزار کەس لەوانە ئەفغانین، 93 هەزاریان خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیان، 98 هەزاریان خەڵکی کۆسۆڤۆن.
هەر لەو داتایانە دەردەکەوێت، دوو ملیۆن و 400 هەزار پەنابەر مافی پەنابەرییان پێدراوە، لەو ژمارەیە ملیۆنێک و 63 هەزار پەنابەر مافی مانەوەی کاتییان هەیە، کە دەدرێتە ئەو پەنابەرانەی بەهۆی شەڕەوە لە وڵاتەکانیان پەنایان بۆ ئەڵمانیا هێناوە. زۆربەی ئەوانەش ئۆکراینین و دوای شەڕی ئۆکراینا چوونەتە ئەوێ.
سەنتەرەکە ئەوەشی جیاکردووەتەوە، کێ بە چ یاسایەک مافی پەنابەریی وەرگرتووە، 696 هەزار پەنابەر بەپێی رێککەوتنی ژنێڤ وەک پەنابەر قبووڵکراون، 420 هەزار کەس بەپێی یاسای (پاراستنی کاتی) مافی مانەوەیان وەرگرتووە، کە زۆربەی پەنابەرانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان لەو یاسایە سوودمەند بوون، 43 هەزار پەنابەریش بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئەڵمانیا (واتە دەستوور)، مافی مانەوەیان دراوەتێ.
ئەو ئامارانە لە وەڵامی پرسیارێکی رێنێ شپرینگەر، پەرلەمانتاری فیدراڵیی ئەڵمانیا لەسەر لیستی پارتی راستئاژۆی ناسراو بە دژە کۆچبەر (ئا ئێف دێی) لەلایەن سەنتەرەکەوە دراونەتە ئەو پەرلەمانتارە، ئەویش بڵاویکردوونەتەوە. بەپێی ئەو ئامارانە، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024، زۆرتر لە 72 هەزار پەناخواز بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان بۆ دەرچووە، بەڵام تەنیا 20 هەزار کەس دیپۆرتکراونەتەوە.