ترەمپ: بەمنزیکانە لە رێگەی وشکانییەوە رێگری لە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، هەوڵەکانی واشنتن بۆ راگرتنی بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکانی ڤەنزوێلا "لە رێگەی وشکانییەوە بەمنزیکانە" دەستپێدەکەن. ئەم لێدوانە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی زیاتر کردووە، بەتایبەتی کە حکومەتی کاراکاس پێیوایە ئامانجی سەرەکیی هەڵمەتەکەی دژە ماددە هۆشبەرەکان، دروستکردنی بیانووە بۆ گۆڕینی رژێمی سیاسیی وڵاتەکەی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێزێکی گەورەی سەربازیی ئەمریکای رەوانەی ناوچەی کاریبی کردووە، کە گرووپێکی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و چەندین کەشتیی جەنگیی دیکە لەخۆدەگرێت. بە گوێرەی راگەیێندراوە فەرمییەکان، ئەرکی ئەم هێزە رووبەڕووبوونەوەی تاوانی نێودەوڵەتی و رێگریکردنە لە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەکەدا.
بەڵام کاراکاس، ئەم جووڵە سەربازییەی ئەمریکا بە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ دەزانێت و دەڵێت، ئەمە پلانێکە بۆ رووخاندنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی چەپڕۆی ڤەنزوێلا. ئەمریکا دان بە شەرعییەتی مادورۆدا نانێت و وەکو "سەرکردەیەکی ناشەرعی و گەورە بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان" ناوی دەبات؛ تۆمەتێک کە مادورۆ بەردەوام رەتیدەکاتەوە.
ترەمپ، لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لە هاوینەهەواری مارالاگۆ لە فلۆریدا بەبۆنەی جەژنی سوپاسگوزارییەوە، ئاماژەی بە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان کرد و گوتی: "نزیک بووینەتەوە لە راگرتنی تەواوەتیی بازرگانییەکە، نزیکەی 85٪ لە رێگەی دەریاوە راگیراوە." سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتیشی: "دەست بە راگرتنیان لە رێگەی وشکانیشەوە دەکەین. رێگەی وشکانی ئاسانترە، بەڵام ئەوە بەمنزیکانە دەستپێدەکات."
چەندین گرووپی سەربازیی ئەمریکا کە ترەمپ قسەی بۆ کردن، بە شێوەیەکی چالاک بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی دژە ماددە هۆشبەرەکانیدا کردووە، کە ناوی "رمی باشوور"ی لێنراوە. ئەم ئۆپەراسیۆنە بە یەکێک لە گەورەترین جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە دەیان ساڵی رابردوودا دادەنرێت.
وەکو بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکە، سوپای ئەمریکا تائێستا تەنیا چەند راگەیێندراوێکی لەبارەی کردەوەکانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان دژی ئەو کەسانەی گوایە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانن بڵاوکردووەتەوە. تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی ئەو کردەوانەدا بەلایەنی کەمەوە 83 کەس کوژراون.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا هیچ وردەکارییەکی بڵاونەکردووەتەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی بانگەشەکانی کە ئەو کەسانەی لە زیاتر لە 20 هێرشی جیاوازدا لە هەردوو دەریای کاریبی و رۆژهەڵاتی زەریای هێمندا کراونەتە ئامانج، کە ئایا پەیوەندییان بە کاروانە نایاساییەکانی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەبووە یان نا.