کیم جۆنگ ئوون داوا لە سوپای وڵاتەکەی دەکات خۆیان بۆ جەنگ ئامادە بکەن
رووداو دیجیتاڵ
رێبەری کۆریای باکوور داوا لە حیزبی دەسەڵاتی وڵاتەکەی، سوپا و پرۆگرامی ئەتۆمی دەکات، کە ئامادەکارییەکانیان بۆ جەنگ زیاتر بکەن و دوودڵ نەبن لە تەقاندنی بۆمبی ئەتۆمی ئەگەر هەراسان بکرێن.
رۆژی پێنجشەممە 28-12-2023، میدیای کۆریای باکوور رایگەیاند، کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور لە کۆبوونەوەی کۆتایی ساڵی حیزبی کرێکاراندا کە خۆی سەرکردایەتیی دەکات، بە سوپا، بەرگریی شارستانی و پرۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئامادەکارییەکانی جەنگ زیاتر بکەن.
ئەم قسانەی سەرۆکی کۆریای باکوور دوای ئەوە دێت، کە هەفتەی پێشوو رایگەیاند، کۆریای باکوور هیچ دوودڵ نابێت لە تەقاندنی بۆمبی ئەتۆمی ئەگەر هەراسان بکرێت.
کیم بە حیزبەکەی گوتووە، دۆخی سەربازیی نیمچە دوورگەی کۆریا، کە سنووری هەردوو کۆریای باشوور و باکوورە، ئاڵۆز بووە ئەمەش بەهۆی رووبەڕووبوونەوەیەکی بێوێنە لەگەڵ واشنتنی دژە کۆریای باکوور.
ماوەیەکە پیۆنگیانگ چەندین چەکی قورس تاقیدەکاتەوە ئەمەش وایکردووە سیۆل، تۆکیۆ و واشنتن بەیەکەوە هاوئاهەنگییەکی بەرگریی لەگەڵ یەکدی بکەن.
رۆژی 16-12-2023 ژێردەریاییەکی ئەمریکی بەهێزکراو بە چەکی ئەتۆمی و چەندین هاوێژەر گەیشتە بەندەری شاری بووسان لە کۆریای باشوور و کیم جۆنگ ئوون ئەم هەنگاوەی ئەمریکای بە "هەنگاوە هەراسانکەرەکانی جەنگی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە" وەسفکرد.
هەمان رۆژ، کۆریای باشوور و ئەمریکا لە واشنتن دووەم کۆبوونەوەی "گرووپی راوێژکاریی ئەتۆمی"یان کرد و گفتوگۆیان لەسەر چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی هێرش و هەڕەشەکانی کۆریای باکوور کرد.
لە کۆبوونەوەکە هۆشدارییان دا، کە "هەر هێرشێکی ئەتۆمیی کۆریای باکوور بۆ سەر ئەمریکا یان کۆریای باشوور دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە رژێمی کیم جۆن ئوون."
کیم جۆنگ ئوون لە کۆبوونەوەکەدا ساڵی 2023ـی بە ساڵی "گۆڕانکاری گەورە" وەسفکردووە. ئەمەش دوای ئەوەی دوو رۆژ لەمەوبەر، ئاژانسی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "دامەزراوەیەکی دیکەی چەکی ئەتۆمیی کۆریای باکوور لە کارکردندایە و جێگەی نیگەرانییە."
ئاهن چان ئیل، سەرۆکی پەیمانگەی جیهانی بۆ توێژینەوەکانی کۆریای باکوور گوتی: "کۆریای باکوور پێدەچێت چەند چەکێکی قورس لەوانەش چەکی ئەتۆمی بنێرێتە سنووری کۆریای باشوور و پرۆگرامی چەکی ئەتۆمییەکەی لە 2024 زیاتر بەرەو پێشببات."
چان ئیل هەروەها گوتی: "کۆریای باکوور ئەو هەنگاوە وەک گوشار خستنەسەر کۆریای باشوور و ئەمریکا جێبەجێدەکات، هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیادا باشتر دەکات."
رۆژی پێنجشەممە 21-12-2023، کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور گوتی: "ئەگەر بە چەکی ئەتۆمی هەراسانمان بکەن، هیچ دوودڵ نابین لەوەی ئێمەش بە چەکی ئەتۆمی وەڵام بدەینەوە."
ئەم لێدوانەی کیم دوای ئەوە دێت لە 8-12-2023، بەرپرسانی کۆریای باشوور، ژاپۆن و ئەمریکا لە سیۆلی پایتەختی کۆریای باشوور کۆبوونەوە و بڕگەیەکی کۆبوونەوەکە بریتیی بوو لە "چەکی ئەتۆمی و پلانی ستراتیژی" و باسکردنی چۆنیەتی سنووردارکردنی هەڕەشە و مەترسییەکانی کۆریای باکوور.
رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، کۆریای باکوور بەهێزترین مووشەکی بالیستیی خۆی تاقیکردەوە، کە ناوی هواسۆنگ-18یە و رایگەیاند: "ئەمە لە دژی هەڕەشە سەربازییەکانی واشنتن و هاوپەیمانیەکانیەتی."
چەند جارێکیشە وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور هۆشداریی دەداتە دراوسێیە باکوورییەکەیان: "ئەگەر کارێکی بێباکانە بکەن و ئاشتیی لەناوببەن، وێرانتان دەکەین."
جگە لە بابەتی چەکی ئەتۆمی، ناردنی سەتەلایتێکی سیخوڕیی بۆ بۆشایی ئاسمان لەلایەن کۆریای باکوورەوە کاردانەوەی زۆری هەبوو. کۆریای باکوور رایگەیاند، مانگێکی دەستکردی بەسەرکەوتوویی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کردووە. هەریەک لە کۆریای باشوور، ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و ژاپۆن سەرکۆنەی ئەو کارەیان کرد و بە "پێشێلکردنی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان" ناویان برد. کۆریای باشووریش رووسیا تۆمەتبار دەکات بە یارمەتیدانی کۆریای باکوور.
رۆژی پێنجشەممە، 23-11-2023، ئاژانسی هەواڵگریی کۆریای باشوور رایگەیاند: "مۆسکۆ یارمەتیی کۆریای باکووری دا بۆ ئەوەی سەتەلایتە سیخوڕییەکەی بنێرێتە بۆشایی ئاسمان."
سیۆل پێیوایە کۆبوونەوەکەی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور لە 14-9-2023 کاریگەریی زۆری لەسەر ناردنی ئەو مانگە دەستکردەی کۆریای باکوور هەبووە و رووسیا یارمەتیی تەکنیکیی کۆریای باکووری داوە.
ئەمریکا ئەوکات رایگەیاند، لە بەرامبەردا کۆریای باکوور یارمەتیی سەربازیی رووسیا دەدات لە شەڕی ئۆکراینا، بەڵام مۆسکۆ و پیۆنگیانگ تۆمەتەکانی واشنتنیان رەتکردەوە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی رایگەیاند: "زۆر لە نزیکەوە چاودێریی ئەمە دەکەین و بزانین هەردوولا چی دەڵێن، لەمەوپێش رامگەیاندووە؛ بەردەوام داوا لە کۆریای باکوور دەکەین پابەندییە گشتییەکانی جێبەجێ بکات و هاوکاریی جەنگەکەی رووسیا لە ئۆکراینا نەکات. هیچ وڵاتێک لەسەر گۆی زەوی، نابێت هاوکاریی بەڕێز پووتین بکات و خەڵکی بێتاوانی ئۆکراینی بکوژێت."
میدیای کۆریای باکوور رایگەیاند: "ناردنی مانگی دەستکرد، مافی رەوای کۆریای باکوورە، چونکە لەلایەن کۆریای باشوور و ئەمریکاوە دووچاری هەڕەشە دەبینەوە."
لە بەرامبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکۆنەی کرد و گوتی: "ئەوە پێشێلکارییەکی بێ رەوشتی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
رۆژی 21-11-2023، کۆریای باکوور مانگە دەستکردەکەی (مالیگیۆنگ 1) لە رێگەی مووشەکێکەوە ناردە دەرەوەی گۆی زەوی و رایگەیاند: "کارەکە بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات."