لە واشنتن داوای یەکگرتوویی ئێرانییەکان دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

میر حاتەمی، ئێرانییەکی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەڵام زۆربەی رۆژانی شەممە بە کورسییە تایبەتەکەیەوە دەچێت بۆ بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکانی کورد و گەلانی دیکەی ئێران لە واشنتن. دەڵێت، بەشداربوون لە خۆپێشاندانەکان بەر لە هەمووشتێک ئەرکێکی ئایینییە و دەبێت هەمووان لێرەبن.
 
میر حاتەمی دەڵێت، ''بۆ ئازادیی ئێران من لەگەڵ هەموو ئەوانەی دیکە لێرەم، بۆ ئازدی من لێرەم. ئەم رژێمەش هەمووشتێکی خراپ بەرامبەر بە خەڵک لەژێر ناوی خودا و ئیسلام دەکات، ئەوان بۆ من و زۆربەی ئێمەش موسڵمان نین، ئەوەی خۆی بە موسڵمان دەزانێت، پێویستە لێرەبێت.''
 
خۆپێشاندانەکەی واشنتن، خۆپێشاندانی خەڵکی هەموو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانە، هاوکات لەنێو خۆپێشاندانەکەدا ژمارەیەک ئەمریکیش بۆ دەربڕینی پشتیوانی ئامادەن. کوردی واشنتن و دەوروبەریشی هاوشێوەی هەموو هەفتەکانی دیکە، ئەم هەفتەیەش لە خۆپێشاندانەکەدا بەشداربوون.
 
فەوزییە پوورئازەری، مامۆستایە و بەشداری لە خۆپێشاندانەکەدا کردووە، ''بەخۆشحاڵییەوە تاوەکو ئێستا زۆرباش بەردەوام بووە، خەڵک لە کورد و فارس و بەلوچ و ئازەری هەموویان بەشدارییان کردووە، ئێمەش کە کوردین بە خۆشحاڵییەوە تاوەکو ئێستا توانیومانە بەشداری بکەین، خۆشحاڵم کە دەتوانین بێین و بە خەڵکی ئێران بڵێین تاوەکو ئێستا پشت و پشتیوانتانین و لە پشتی ئەوە وەستاوین، بۆ هاودەمیتان و بۆ پشتیوانیتان.''
 
درووشمی ئەمجارەی خۆپێشاندانەکە بە بەراورد بە هەفتەکانی رابردوو، جیاوازتر بوو، ئەمجارە بێجگە لە درووشمی "ژن. ژیان. ئازادی" و درووشمەکانی دیکە، هاوکات درووشمی یەکگرتووییش بۆ ئێران بەرزکرابووەوە.
 
خۆپێشاندەرەکانیش چاویان لەوەیە خۆپێشاندانەکانیان کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئیدارەی ئەمریکا بەرامبەر ئێران دروستبکات.
 
حەمید رەزا، ئەندازیارە و دەڵێت: "هەموو هەوڵێکی ئێمە بۆ ئەوەیە کە هەموو هەفتەیەک پێکەوەبین و یەکگرتوویی خۆمان تاوەکو رۆژی سەرکەوتن پێشانبدەین، دەنگمان بگەیێنین بە سیاسەتڤانانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کە ئێمە داهاتوویەکی باش و رووناکمان بۆ ئێران دەوێت، رژێمی کۆماری ئیسلامی شایانی ئێرانییەکان نییە و ئێمە شایانی باشترین."