راپۆرتێک: ماددە کیمیاییەکان 1.7 تریلیۆن یۆرۆ زیان بە ئابووریی ئەورووپا دەگەیێنن
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی نوێی یەکێتیی ئەورووپا هۆشداری دەدات کە بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەی درەنگ شیدەبنەوە (PFAS)، تاوەکو ساڵی 2050 زیانی 1.7 تریلیۆن یۆرۆ لە ئابووریی ئەورووپا دەدات، ئەوەش بەهۆی کاریگەرییە مەترسیدارەکانیان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و ژینگە.
رۆژی پێنجشەممە، 29-01-2026، راپۆرتێکی تایبەت لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە، بەردەوامیی بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکانی ناسراو بە (PFAS) تاوەکو ساڵی 2050 تێچوویەکی خەیاڵی دەخاتە سەر شانی وڵاتانی کیشوەرەکە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئێستا بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ئەو ماددانە بەتەواوی رابگیرێت، تێچووەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە و بۆ 330 ملیار یۆرۆ دادەبەزێت.
جێسیکا رۆسواڵ، بەرپرسی ژینگەی یەکێتیی ئەورووپا لەمبارەیەوە رایگەیاند: "ئەم توێژینەوەیە دووپاتی دەکاتەوە کە چارەسەرکردنی کێشەی (PFAS) لە سەرچاوەکەیەوە، هەم کارێکی یەکلاکەرەوەیە و هەم لە رووی ئابوورییەوە بڕیارێکی ژیرانەیە."
ماددەی PFAS چییە؟
ئەم ماددانە پێکدێن لە کۆمەڵەیەک کە زیاتر لە 10 هەزار جۆر کیمیایی دەستکرد لەخۆدەگرێت. تایبەتمەندییان ئەوەیە بەرگرییان بەرامبەر گەرمی، ئاو و رۆن هەیە، هەر بۆیە لە دروستکردنی مەقەڵییە نەلکاوەکان (Tefal)، فەرشی دژە پەڵە، جلوبەرگی باراناوی و تەنانەت کارتۆنی پیتزاشدا بەکاردێن.
ناونانیان بە "هەتاهەتایی" بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم ماددانە لە سرووشتدا شی نابنەوە و بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە.
مەترسییە تەندروستییەکان
توێژینەوەکە دەڵێت بەرکەوتنی بەردەوام بەم ماددانە، تەنانەت بە رێژەیەکی کەمیش، پەیوەندیی راستەوخۆی هەیە بەم نەخۆشییانەوە:
- زیانگەیاندن بە جگەر و بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ.
- لاوازبوونی کۆئەندامی بەرگری.
- کەمیی کێشی منداڵ لە کاتی لەدایکبووندا.
- تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە.
تێچووی دواکەوتنی یاساکان
بەپێی راپۆرتەکە، ئەگەر ئەورووپا هیچ رێکارێکی تووند نەگرێتەبەر، تەنیا تێچووی تەندروستیی ئەم پیسبوونە تا ساڵی 2050 دەگاتە 440 ملیار یۆرۆ. هەروەها ئەگەر وڵاتان تەنیا هەوڵی پاککردنەوەی خاک و ئاو بدەن بەبێ ئەوەی ماددەکە لە سەرچاوەکەیەوە قەدەغە بکەن، تێچووەکە لە تریلیۆن یۆرۆ تێدەپەڕێت.
ئەمە لە کاتێکدایە بڕیاربوو تا کۆتایی ساڵی 2025 پێشنیازە یاسایەک بۆ قەدەغەکردنی ئەم ماددانە ئامادە بکرێت، بەڵام بەهۆی لێکۆڵینەوەی زیاترەوە، پێدەچێت یاساکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 دوابکەوێت.
کاردانەوە جیهانییەکان
مەترسییەکانی ئەم ماددانە وایکردووە وڵاتانی وەک بەلجیکا و ئەمریکا رێکاری تووندتر بگرنەبەر، بەتایبەت دوای ئەوەی پاشماوەی ئەم کیمیاوییانە لە زۆربەی شوێنەکانی جیهاندا دۆزراوەتەوە، لە تبتەوە تاوەکو جەمسەری باشوور.
پارساڵ دادگایەکی ئیتاڵیا سزای 17 ساڵ زیندانیی بۆ چەند بەرپرسێکی کارگەیەکی کیمیایی بڕییەوە کە ئاوی خواردنەوەی سەدان هەزار کەسیان بەم ماددانە پیس کردبوو.