قالیباف بۆ ترەمپ: ئەگەر بەدوای سەپاندنی ویستی خۆتان بن، دانوستاندن ناکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی وەک پرەنسیپ لەگەڵ دیپلۆماسی و دانوستاندندایە، بەڵام بە مەرجێک لەسەر بنەمای رێزگرتن و گەرەنتی بێت. جەختیش دەکاتەوە "ئەگەر ئەمریکا بەدوای سەپاندنی ویستی خۆی بێت، هیچ دانوستاندنێک ناکرێت."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-01-2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (سی ئێن ئێن)ـی ئەمریکی رایگەیاند، تاران ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام بەو مەرجەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ویست و بۆچوونەکانی نە سەپێنێت و متمانەی پێویست دروست ببێت.
قالیباف بە تۆڕە ئەمریکییەکەی گوت: "ئێمە پرەنسیپی دیالۆگ و دیپلۆماسی رەت ناکەینەوە، بەڵکو دەبێت دیپلۆماسیی راستەقینە بێت و لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەکدی بێت. هیچ دیپلۆماسی و دانوستاندنێک بەبێ متمانە و گەرەنتی ناکرێت."
لێدوانەکانی قالیباف وەک وەڵامێک دێت بۆ پەیامێکی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە رۆژی چوارشەممە 28-01-2026 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیەڵ) بڵاویکردەوە و تێیدا هۆشداری دایە تاران.
لەبارەی شێوازی داواکارییەکەی ئەمریکا بۆ دانوستاندن، قالیباف گوتی: "ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆ لە سەرۆکی ئەمریکا بینیومانە، ئەوە دەردەخات، ئەو داوای سەپاندنی سیاسی و سەپاندنی بۆچوونی خۆی دەکات. ئەگەر ئەم بۆچوونە قبووڵ نەکرێت، ئەوا بەدوای سەپاندنی شەڕدایە."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پێیوایە، دیالۆگ لەژێر سایەی هەڕەشە و دەسەڵاتی سەربازیدا هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و دەڵێت: "تاوەکو هیچ گەرەنتییەک بۆ مافەکانی گەلی ئێران نەبێت و رێز لە شکۆی گەلی ئێران نەگیرێت، سرووشتییە کە هیچ دانوستاندنێک لە ئارادا نابێت، چونکە ئێمە سەپاندن و خۆبەدەستەوەدان بە دانوستاندن نازانین."
قالیباف رەخنەی لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ لە هەردوو خولی سەرۆکایەتییەکەیدا گرت، بەتایبەتی کشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی و هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: "بەڕای من ئەگەر ترەمپ راست دەکات و بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێت، پێویستە بەرەو ئاشتییەکی راستەقینە هەنگاو بنێت. یەکەم هەنگاویشی رزگاربوونە لە شەڕخوازانی دەوروبەری تاوەکو میللەتەکەمان و جیهان بڕوای پێبکات."
پێشتر ترەمپ لەتۆڕی کۆمەڵایەتی (ترووس سۆشیەڵ) نووسیبووی: "کات خەریکە تەواو دەبێت.. داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەم بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە تێیدا گەرەنتیی ئەوە بکرێت ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی (چەکوشی نیوەشەو) کردووە، کە هێرشێکی سەربازیی ئەمریکا بوو لە مانگی حوزەیران بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و دەڵێت: "پێشتریش پێم گوتن رێککەوتن بکەن، بەڵام نەیانکرد، ئەوە بوو ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو روویدا و وێرانکارییەکی گەورەی لێکەوتەوە."
ترەمپ هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەگەر جارێکی دیکە ناچار بە بەکارهێنانی هێز بن، ئەوا "هێرشی داهاتوو زۆر لەوەی پێشوو خێراتر دەبێت."