پڕۆژەیاسای (پاراستنی کورد) پێشکەشی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کرا

رووداو دیجیتاڵ
 
هەردوو سیناتۆری ئەمریکا، لیندزی گراهام (کۆماری) و ریچارد بلومێنتڵ (دیموکرات)، پرۆژەیاسایەکی هاوبەشیان بە ناوی (پاراستنی کورد) دایە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا. پرۆژەیاساکە وەک وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
 
سزا و گەمارۆی دارایی بەسەر دیمەشق
 
بەپێی دەقی پرۆژەیاساکە، سزای تووند دەخرێتە سەر بەرپرسانی حکومەتی سووریا، دامەزراوە داراییەکان و هەر لایەنێکی بیانی کە هاوکاریی دارایی یان سەربازی پێشکێشی دیمەشق بکات. 
 
سیناتۆرەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، لەژێر پەردەی "یەکخستنەوەی وڵات"دا دەستی بە هەڵمەتێکی سەربازی دژی کورد کردووە، لە کاتێکدا بەڵگەی بەهێز هەیە کە ئەم هێرشانە بە "هاوئاهەنگی و هاوکاریی تورکیا دەکرێن."
 
مەترسییەکانی سەر ئاسایشی ئەمریکا
 
پرۆژەیاساکە هۆشداری دەدات، هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، مەترسی بۆ سەر ژیانی 1000 سەربازی ئەمریکی لە ناوچەکە دروست دەکات؛ هەروەها دەڵێ، لاوازکردنی کورد دەبێتەهۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی ئەو گرتووخانانەی چەکدارانی پێشووی داعشیان تێدایە و "ئەمەش هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و رێگە بۆ سەرهەڵدانەوەی خەلافەت خۆش دەکات."
 
گراهام: کورد هاوپەیمانێکی جێگەی متمانەیە
 
لیندزی گراهام، کە هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپە لە کاتی ناساندنی پرۆژەیاساکەدا گوتی: "بڕوام وایە پشتگیرییەکی بەهێزی هەردوو پارتەکە بۆ پاراستنی کورد هەیە، چونکە ئەوان هاوپەیمانێکی زۆر جێی متمانەی ئەمریکا بوون. هەسەدە بە رەگەزە کوردییە زۆرەکەیەوە، قورسترین باری شەڕی تێکشکاندنی داعشی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا لەئەستۆ گرت."
 
گراهام هۆشداری دایە ئەو لایەنانەی هێرش دەکەنە سەر کورد و گوتی: "ئەو وڵات یان گرووپانەی وا دەزانن هێرشکردنە سەر کورد لە سووریا بێ باج تێدەپەڕێ، بەداخەوە زۆر هەڵەن."
 
ریچارد بلومێنتڵ، سیناتۆری دیموکرات رایگەیاند: "پێویستە کورد لە سووریا بپارێزین و هەنگاوی کردەیی بنێین بۆ دڵنیابوون لەوەی ناکەونە بەر شاڵاوی تۆڵەسەندنەوەی حکومەتی سووریا."
 
خاڵە سەرەکییەکانی پرۆژەیاسای پاراستنی کورد
 
 سزای دارایی: سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی سووریا، بانکەکان و هەر بیانییەک کە مامەڵەی سەربازی و دارایی لەگەڵ دیمەشق بکات.
 
دانپێدانان: بە فەرمی ناساندنی رۆڵی هەسەدە لە تێکشکاندنی داعش.
 
 لیستی تیرۆر: ناساندنەوەی دەستەی تەحریری شام وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی (ئەحمەد شەرع پێشتر سەرکردەی ئەو گرووپە بووە).
 
 چاودێریی کۆنگرێس: حکومەتی ئەمریکا ناتوانێ ناوی سووریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر دەربهێنێت بەبێ رەزامەندیی کۆنگرێس.
 
 مەرجی لادانی سزا: تەنیا کاتێک سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێ سزاکان رابگرێ کە بۆ کۆنگرێس پشتڕاست بکاتەوە دیمەشق هەموو هێرشەکانی بۆ سەر کورد و هاوبەشەکانی راگرتووە.
 
 سناپباک: ئەگەر دیمەشق دوای راگرتنی سزاکان، هێرش بکاتەوە سەر کورد، هەموو سزاکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و دەستبەجێ دەگەڕێنەوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە ریچارد بلومێنتڵ، سێناتۆری ئەمریکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەنێو کۆنگرێسدا کار بۆ پاراستنی کورد دەکەن. 
 
بلومێنتڵ گوتی: "پێموایە پێویستە ئێمە کورد لە سووریا بپارێزین و هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی دڵنیابین پارێزراو دەبن بەرامبەر هەر سزادان و تۆڵەسەندنەوەیەک لەلایەن حکومەتی سووریاوە. ئەمریکا ئەو ئەرکەی لەسەرە، چونکە هاوئاهەنگمان بوون و کارمان لەگەڵ کردوون."