بەرپرسێکی باڵای ئەڵمانیا بۆ رووداو: ئۆتۆنۆمی باشترین چارەسەرە بۆ کورد لە سووریا

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەبێت رۆژئاوا رۆڵی کورد لە تێکشکاندنی داعش لەبەرچاو بگرێ و "ئۆتۆنۆمی" بە باشترین چارەسەر دەزانێت بۆ دۆخی کورد لە سووریا.
 
ئارمین لاشێت، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی سووریا کرد.
 
لاشێت گوتی: دەبێت ئەمریکا و ئەورووپا "رۆڵی گرنگی کورد لە شەڕی داعشدا لەبەرچاو بگرن. بۆ سووریای نوێ، ئێمە دەمانەوێ سەرۆکی وڵات دان بە مافی کورددا بنێت و ئۆتۆنۆمی باشترین چارەسەرە بۆیان."
 
ئەو بەرپرسەی ئەڵمانیا هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق و گوتی، ئەگەر دەستوورێک ئامادە نەکەن کە مافی کورد، عەلەوی، کریستیان و دروزەکان بپارێزێت، "ئەوا سووریای نوێ ناتوانێت ببێتە هاوبەشی ئەورووپا."
 
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا ستایشی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی کرد و بە نموونەیەکی سەرکەوتوو ناوی برد کە چۆن ئۆتۆنۆمی دەبێتەهۆی پاراستنی یەکپارچەیی وڵات.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی ئاڵا شاڵی و ئارمین لاشێت:
 
رووداو: دیدارێکی تایبەتە لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەڕێز ئارمین لاشێت، کەسایەتییەکی ناسراو. بەڕێز لاشێت، زۆر سوپاس کە لەگەڵمانیت. ئێوە ئاگادارن کە دۆخەکە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا زۆر خراپە. کورد دەڵێن ئەمریکا پشتی تێکردین و ئەورووپاش بێدەنگە. هەڵوێستی حکومەتی ئەڵمانیا ئێستا چییە؟
 
ئارمین لاشێت: بەڵێ، ئێمە چاودێریی دۆخی کورد دەکەین و بەڕاستی ئەوان رۆڵێکی زۆر گرنگیان لە شەڕی دژی داعشدا گێڕا. دەبێت [وڵاتانی] رۆژئاوا ئەمە لەبەرچاو بگرن. دووەم، سووریای نوێ چۆن دەبێت؟ ئێمە دەمانەوێ کە سەرۆک مافی کورد قبووڵ بکات و ئۆتۆنۆمی باشترین چارەسەرە بۆ کورد.
 
رووداو: بەڕێز لاشێت، گوتت ئۆتۆنۆمی بۆ کورد لە سووریا گرنگ و باشە. ئایا چ هەنگاوێکتان ناوە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە تاوەکو تووندوتیژی بەردەوام نەبێت؟
 
ئارمین لاشێت: ئێستا دۆخەکە کەمێک هێور بووەتەوە، بەڵام هێشتا جێگیر نییە. ئێمە لەگەڵ سەرۆک ئەحمەد شەرع لە پەیوەندیداین، بڕیار بوو ئەو بێتە بەرلینیش. ئێمە لەو دیدارەدا پێی دەڵێین، دەبێت مافی کورد، عەلەوی، کریستیان و دروزەکان لە سووریای نوێدا بپارێزرێ. ئەگەر ئەو کارە نەکات، ناتوانێت ببێتە هاوبەشی ئەورووپا.
 
رووداو: ئێوە سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەن، چ پەیوەندییەکتان لەگەڵ دیمەشق هەیە؟
 
ئارمین لاشێت: بەڵێ، دوێنێ لە لیژنەکە میوانداریی وەزیر یۆهان ڤادێفولمان کرد و باسمان لە سووریا کرد. سووریا وەک خاڵێکی تایبەت لە کارنامەی ئێمەدا بوو، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم دۆخە بۆ ئێمە چەندە جیدییە. وەزیری دەوڵەت راپۆرتی پێداین. بێگومان دەبێت هەر پەیوەندییەک لەگەڵ بەرپرسانی سووریا، چ وەزیری دەرەوە بێت یان کەسانی دیکە، تا دەگاتە سەرۆک، بە ئامانجی گەیاندنی ئەو پەیامە بێت کە دەوڵەتی نوێ تەنیا دەتوانێت لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا بێت. نابێت کۆمەڵکوژی دژی هیچ کەسێک قبووڵ بکرێ و نابێت تووندوتیژی دژی کەمینەکان قبووڵ بکرێت.
 
رووداو: داواکاریی ئێوە لە حکومەتی ئێستای سووریا چییە؟
 
ئارمین لاشێت: دەستوورێک ئامادە بکەن مافی کەمینەکان دابین بکات. ئەگەرنا سووریای نوێ نابێتە هاوبەشی ئەورووپا.
 
رووداو: دۆخی ناوچەکە زۆر ئاڵۆزە، دۆخی ئێران و عێراق چۆن دەبینن؟
 
ئارمین لاشێت: سەرکەوتنێکی حکومەتی سووریا ئەوەیە کە حیزبوڵڵا لاواز بووە و کاریگەریی ئێران کەم بووەتەوە. بەڵام ئێران خۆی هێشتا سەرچاوەی ناسەقامگیرییە لە عێراق، دژی ئیسرائیل و دراوسێ عەرەبەکانی. تەنانەت بۆ گەلەکەی خۆیشی مەترسییە. ئێستا نەک تەنیا کورد، بەڵکو ئەکادیمییەکان و کاسبکارانی بازاڕ لە پایتەخت دژی رژێمی مەلاکان وەستاونەتەوە. ئەمە جووڵەیەکی بەرفراوانی جەماوەرییە و هیوادارم ئەم رژێمە کۆتایی بێت.
 
رووداو: بوونی سوپای ئەڵمانیا لە عێراق چەندە گرنگە؟
 
ئارمین لاشێت: عێراق نموونەیەکە کە نیشانی دەدات ئۆتۆنۆمی دەتوانێ سەرکەوتوو بێت و لە خزمەتی دەوڵەت بێت. مافە تایبەتەکانی کورد لە عێراق دەبنە هۆی پاراستنی یەکپارچەیی وڵات. لەبەر ئەوە، ئەرکی سوپای ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت.