دوو سیناتۆری ئەمریکا لە رێگەی رووداوەوە داوای پاراستنی کوردی رۆژئاوای کوردستان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
دوو سیناتۆری دیاری ئەمریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی تۆڕی میدیایی رووداو، نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و جەخت لەوە دەکەنەوە کە "ئەمریکا بەرپرسیارە لە پاراستنی کورد" . 
 
ریک سکۆت، سیناتۆری کۆمارییەکانی فلۆریدا و ریچارد بلوومێنتڵ، سیناتۆری دیموکراتەکانی کۆنێکتیکەت، قسەیان بۆ رووداو کرد سەبارەت بەو هێرشانەی لە 6ی کانوونی دووەمەوە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع کراونەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.
 
ریک سکۆت ئاماژەی بەوە کرد کە مەترسییەکانی سەر کورد و مانەوەی هەڕەشەی داعش جێگەی نیگەرانین. سکۆت بە رووداوی گوت: "کاتێک سەیری دۆخەکە دەکەی، هەست بە نیگەرانی دەکەیت بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە جیهاندا دەچەوسێندرێنەوە و حکومەتەکانیان کاری خراپ دەکەن."
 
سکۆت گوتیشی: "دەبێت تێبگەین کە دووژمنێکی وەک داعشمان هەیە و دەبێت شتێک بکەین بەرامبەر ئەوانەی دەیانەوێ زیان بە ئەمریکا بگەیێنن، چ لە ناوخۆ بێت یان لە دەرەوە."
 
 
"ئەمریکا بەرپرسیارە بەرامبەر کورد"
 
هەروەها سیناتۆر ریچارد بلوومێنتڵ باسی لە ئەرکی واشنتن بەرامبەر کوردی رۆژئاوای کوردستان کورد کە هاوپەیمانی سەرەکیی تێکشکاندنی داعش بوون.
 
بلوومێنتڵ بە رووداوی گوت: "بڕوام وایە کە دەبێت کورد بپارێزین، هەروەها دەبێت هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی دڵنیا بینەوە لەوەی هیچ تۆڵەسەندنەوە و سەرکوتکردنێک لەلایەن حکومەتی سووریاوە روونادات. ئەمریکا بەرپرسیارە بەرامبەریان، چونکە لە رابردوودا هاوئاهەنگیمان لەگەڵ کردوون و کارمان لەگەڵ کردوون."
 
سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لە کوشتنی ژن و خەڵکی سڤیل دەکەن لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریاوە، بلوومێنتڵ گوتی: "هەندێک لەو راپۆرتانەم بینیوە. بڕوام وایە هەر تاوانێکی جەنگ دەبێت وەک پێشێلکاری دژی مرۆڤایەتی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."
 
پڕۆژەیاسای "پاراستنی کورد"
 
سیناتۆر بلوومێنتڵ گوتی، لەگەڵ هاوکارانی، لەوانەش لیندزی گراهام، کار لەسەر پڕۆژەیاسایەک دەکەن بۆ پاراستنی کورد.
 
ئەمڕۆ 29ی کانوونی دووەمی 2026، لیندزی گراهام بە هاوبەشی لەگەڵ بلوومێنتڵ پڕۆژەیاسای "پاراستنی کورد" (Save the Kurds Act)یان پێشکەش کرد. پڕۆژەکە داوا دەکات سزای تووند بەسەر هەر حکومەت یان گرووپێکدا بسەپێنرێت کە هێرش دەکاتە سەر کورد و دان بە رۆڵی هەسەدەدا دەنێت لە تێکشکاندنی داعشدا.
 
بلوومێنتاڵ گوتی: "هیوادارم ئیدارەی ئەمریکا پشتیوانیی زیاتر پێشکەش بکات بۆ پاراستنیان."