ژنانی کۆریای باشوور لە ترسی لەدەستدانی کارەکانیان نایانەوێت منداڵیان ببێت
رووداو دیجیتاڵ
داتا فەرمییەکانی کۆریای باشوور ئەوە دەخەنەڕوو کە رێژەی منداڵبوون لە ساڵی 2023 بۆ 0.72 دابەزیوە بۆ هەر ژنێک، واتا هەر ژنێکی کۆریای باشوور لە ماوەی ژیانیدا 0.72 منداڵی دەبێت.
رێژەی منداڵبوون بۆ هەر ژنێک کە بە TFR ناسراوە لە ساڵی 2022ـدا 0.78 بوو، واتە لە هەموو 1000 ژنێک پێنج ژن منداڵیان دەبوو.
ئێستا ژمارەی دانیشتووانی کۆریای باشوور 51 ملیۆن کەسە، شارەزایان دەڵێن ئەگەر رێژەی منداڵبوون بەمشێوەیە نزمبێت ئەوا تاوەکو ساڵی 2100 ژمارەی دانیشتووانی کۆریای باشوور بۆ نیوەی ئێستا کەمدەبێتەوە.
هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی منداڵ خستنەوە بۆ گرانیی نرخ، کرێی خانوو، خوێندن و چاودێریی منداڵ دەگەڕێتەوە.
هەرچەندە حکومەتی ئەو وڵاتە چەند ساڵێکە پارەیەکی زۆری لەو بوارە بەگەڕخستووە، بەڵام هێشتا رێژەکە لە نزمبوونەوە بەردەوامە.
رێژەی منداڵبوون لە ساڵی 1960ـەکان زیاتر بوو لە 5 کە ئەمەش وایکرد دانیشتووانی وڵاتەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادبکات.
یەکەم ریکۆردی خراپی منداڵبوون لە 2018ـەوە دەستیپێکرد و تاوەکو 2022 گەیشتە 0.78 کە یەکسانبوو بە 4.9 منداڵبوون لە هەر 1000 کەسێکدا.
لیم یۆنگلی، سەرۆکی هۆبەی سەرژمێریی دانیشتووانی کۆریای باشوور دەڵێت: "ژمارەی منداڵە لەدایکبووەکان و رێژەی TFR لە 2023 کەمترین رێژەیە لە 1970ـەوە تۆمارکرابێت."
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی نەهێشتنی منداڵبوون، لەدەستدانی کارە. زۆربەی ژنانی کۆری بۆ ئەوەی کارەکانیان لەدەستنەدەن خۆیان لە منداڵبوون لادەدەن.
جیۆن، ژنێکی تەمەن 37 ساڵە، لە نووسینگەیەک کاردەکات، دەڵێت: "دایکێکی زۆرم لە دەوری خۆم بینیوە، کە بۆ منداڵبوون دەستبەرداری پیشەکانیان بوون، من ئەو رێگەیە ناگرمەبەر."
جیۆن چوار ساڵە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و لە ترسی لەدەستدانی کارەکەی ناتوانێت بڕیاربدات منداڵی ببێت. هەرچەندە حکومەت مووچەی دایکانەی دابینکردووە، بەڵام جیۆن دەڵێت مووچەی کارەکەی باشترە.
ئەو هەروەها دەڵێت، "بەخێوکردنی منداڵ لەم ژینگەیە پێویستی بەوەیە یەکێک لە دایباب واز لە کارەکەی بهێنێت، ئەگەرنا مەحاڵە."
داتای سەرژمێریی کۆریای باشوور ئاشکرایکردووە، "لە 2023ـدا 230 هەزار منداڵ لەدایکبوون، لە کاتێکدا لە 2022ـدا 249 هەزار منداڵ لەدایکبوون."