لە بەریتانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی بە نێو قەرەباڵخیدا دەکێشێت و چەندین کەس بریندار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئۆتۆمبێلێک لە نێوەڕاستی شاری دێربی لە بەریتانیا خۆی بە ژمارەیەک پیادەڕۆدا کێشا. میدیای بەریتانیا دەڵێت، بەهۆیەوە چەندین کەس بە سەختی بریندار بوون و ژیانی بەشێکیان لە مەترسیدایە.
پۆلیس پشتڕاستی کردەوە کە دەوروبەری کاژێر 9:30ی شەوی شەممە، 28ی ئاداری 2026، ئۆتۆمبێلێکی رەشی جۆری سوزوکی سویفت خۆی بەنێو قەرەباڵخیی شەقامی "فرایەر گەیت"دا کردووە و ژمارەیەک کەسی شێلاوە، کە بەهۆیەوە چەندین کەس بریندار بوون.
بەهۆی رووداوەکەوە، شەقامی فرایەر گەیت لە یەکتربڕی کۆرزۆن و چیپسایدەوە تاوەکو شەقامی فۆرد داخراوە.
گوتەبێژێکی پۆلیس لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "شەقامەکە بۆ ماوەیەکی درێژ بە داخراوی دەمێنێتەوە، بۆیە تکایە بە تەواوی خۆتان لە ناوچەکە بەدوور بگرن." ئەمەش لە کاتێکدایە تیمەکانی فریاگوزاری و پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە.
شایەتحاڵێک دیمەنەکانی رووداوەکەی بە "کارەساتێکی گەورە" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا چەند خولەکێک دوای پشێوییەکە، ژمارەیەکی زۆر خەڵک لەسەر شەقام و شۆستەکان کەوتبوون.
شایەتحاڵەکە بە میدیاکانی گوت: "زۆر ترسناک بوو. خەڵک لەسەر شۆستە و شەقامەکە کەوتبوون و خەڵتانی خوێن ببوون."