کۆبوونەوەی چوارقۆڵیی ئیسلام ئاباد: پێویستە ناوچەکە لە پاشاگەردانیی گشتی بپارێزرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیرانی دەرەوەی میسر، سعودیە، تورکیا و پاکستان لە کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵیدا لە ئیسلام ئاباد، جەختیان لەسەر هێورکردنەوەی گرژییەکانی شەڕی ئێران کردەوە و رایانگەیاند، پێویستە ناوچەکە لە "پاشاگەردانیی گشتی" بپارێزرێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 29-03-2026، هەریەک لە فەیسەڵ فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە؛ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا؛ بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر و ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان کۆبوونەوە.
 
لێکەوتە ئابوورییەکانی شەڕ
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی میسر، وەزیرانی ئەو چوار وڵاتە هەڵسەنگاندنیان بۆ "لێکەوتە ئابوورییە مەترسیدارەکانی شەڕی ئێران" کردووە، بەتایبەت کاریگەرییەکانی لەسەر گەشتی دەریایی نێودەوڵەتی، دابینکردنی کاڵاکان، ئاسایشی خۆراک و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و وزە.
 
تەمیم خەلاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند، کۆبوونەوەکە باسی لە رێگەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی هاوبەش کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەرەسەندنە سەربازییە مەترسیدارەکان و جەخت لەسەر "دیپلۆماسی و زمانی گفتوگۆ" کراوەتەوە وەک تاکە رێگە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان.
 
دانوستاندنی واشنتن و تاران
 
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، هاندانی دەسپێکردنی "رێڕۆیەکی دانوستاندن بوو لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران" بە مەبەستی هێورکردنەوەی دۆخەکە و رێگریکردن لە بردنی ناوچەکە بۆ ناو دۆخێکی پاشاگەردانیی سەرتاسەری.
 
بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، پێویستە کار لەسەر "رێکخستنێکی ئاسایشی بەکۆمەڵ" لە ناوچەکەدا بکرێت بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتان و یەکپارچەیی خاکەکەیان.
 
هەڵوێستی پاکستان بەرامبەر ئێران
 
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بەوە کرد، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی راگەیاندووە، پێویستە گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کەمبکرێنەوە. هەروەها جەختی لە گرنگیی "کۆتاییهێنان بە هەر هێرش و کارێکی دوژمنکارانە دژ بە وڵاتانی کەنداو" کردووەتەوە.
 
کۆبوونەوەی میسر و سعودیە 
 
لە پەراوێزی کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەدا، وەزیرانی دەرەوەی میسر و سعودیە کۆبوونەوە. بەدر عەبدولعاتی هاوسۆزیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ سعودیە و وڵاتانی کەنداو دەربڕی و سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە ئاسایشی ئەو وڵاتانە دەکەنە ئامانج.
 
هەردوو وەزیر باسیان لە دۆخی لوبنانیش کرد لە ژێر سایەی هێرشەکانی ئیسرائیل و جەختیان کردەوە کە پێویستە دامەزراوە نیشتمانییەکانی لوبنان پشتگیری بکرێن بۆ ئەوەی بتوانن سەروەری و سەقامگیریی خاکەکەیان بپارێزن.