پۆلیسی ئەوروپا هۆشداریی لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای "Deepfake" دەدات

رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی ئەوروپا هۆشداری دەدات لە ئەگەری گەیشتنی تەکنەلۆژیای "Deepfake"، بە دەستی باندەکانی تاوان و دەڵێت: "ئەگەر ئەوە رووبدات، ئەوا ئەنجامی کارەساتباری لێدەکەوێتەوە".
 
تەکنەلۆژیای "Deepfake" بریتییە لەو تەکنەلۆژیایەی، کە دەکرێت لە رێگەیەوە دەموچاوی کەسایەتییە گشتییەکانی کۆمەڵگە، لەوانەش سەرۆک و بەرپرسانی وڵات بەکاربهێندرێن و بەبێ ئاگاداری ئەوان قسە بخرێتە سەر زاریان و لە جیاتی ئەوان راگەیێندراو بڵاودەکرێنەوە.
 
نووسینگەی سەرەکی پۆلیسی ئەوروپی، ناسراو بە یۆرۆپۆل، لە نوێترین راپۆرتیدا هۆشداریدەدات لە مەترسییەکانی تەکنەلۆژیای (Deepfake) یان "ساختەکاریی قووڵ" و دەڵێت ئەگەر ئەو تەکنەلۆژیایە بکەوێتە دەستیی گرووپە مەترسیدارەکان، باندەکانی تاوان و یان کەسانی هەڵە، ئەوا دەرهاویشتەی کارەساتباری لێدەکەوێتەوە.
 
یۆرۆپۆڵ دەڵێت: "گەیشتن بەو توانایەی، کە وا لە بەرپرسان و خاوەن بڕیار و کەسایەتییە ناودارەکان بکرێت، شتێك لە زاریانەوە بڵاوبکرێتەوە، کە نەیانگوتبێت، یان کارێک بکەن، کە نەیانکردووە، ئەوە کارێكی  مەترسیدارە، جگە لە هەڕەشە ئەمنییەکانی، دەرهاوێشتەی کۆمەڵایەتیشی لێدەکەوێتەوە".
 
پۆلیسی ئەوروپی ئاماژەی بەوەداوە "چەواشەکردنی میدیایی" و هەروەها تەکنەلۆژیای "Deepfake" شێوازی تێڕوانینی خەڵک و چۆنیەتی بیرکردنەوەیان بەرامبەر بەرپرسان و دەسەڵات دەگۆڕدرێت و وایان لێدێت بە شێوەیەکی نەرێنی تەماشای میدیا و بەرپرسانی حکومی بکەن.
 
لە راپۆرتەکەیدا پۆلیسی ئەوروپا دەڵێت: "بەرەوپێشچوون لە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد و گەیشتن بە ئاسانی بە بڕێكی زۆر لە بڕگەی ڤیدیۆ و وێنەکانی سەر ئینتەرنێت دەرگا بۆ ساختەکاریی قووڵ زیاتر دەکاتەوە".
 
پۆلیسی ئەوروپی کە دەستی بە لێکۆڵینەوە لە چەند نموونەیەکی نوێی کارکردن بەو تەکنەلۆژیایە کردووە، ئاماژەی بەوەداوە "دەکرێت بۆ چەند کارێکی مەترسیدار بەکاربهێندرێت، وەک دەستکاریکردنی بەڵگەی گرنگ و بەرهەمهێنانی ڤیدیۆی پۆرنۆ و چەندین ساختەکاری قووڵی دیکە پەیوەست بە بەرپرسان و کەسانی دیاری وڵاتان".
 
یۆرۆپۆڵ داوا لە هێزەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان و جێبەجێکارانی  یاسا دەکات لەمەولا بە وریایی  وردەکاریی زیاترەوە بە دوای بەکارهێنەرانی ئەو تەکنەلۆژیایەدا بڕۆن و رێکاری پێویست بگرنەبەر تاوەکو کەمترین کاریگەری لەسەر کاری پۆلیسی ئەوروپا جێبهێڵێت.