رێکخراوێک: پار 142 کەس تەنیا بەهۆی بەهاناوەچوونی کۆچبەرانەوە دادگەیی کران
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی نێودەوڵەتیی بۆ هاوئاهەنگی لەبارەی کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، پار 142 کەس تەنیا بەهۆی بەهاناوەچوونی کۆچبەرانەوە دادگەیی کران. رێکخراوەکە هۆشداری لە زیادبوونی ژمارەکەش دەدات.
رۆژی سێشەممە، 29ی نیسانی 2025، رێکخراوی نێودەوڵەتیی بۆ هاوئاهەنگی لەبارەی کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە بڵاویکردەوە، ئەو کەسانەی دادگایی کراون، 80یان هاوکاری کۆچبەرانیان لە دەریادا کردبوو یان لەکاتی نقومبوونی بەلەمەکانیاندا رزگاریان کردوون. هەروها، 20یان تەنیا بەهۆی ئەوەوە دادگەیی کراون کە خۆراک، ئاو و جلوبەرگیان بە کۆچبەران داوە.
سیلڤا کارتا، سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی بۆ هاوئاهەنگی لەبارەی کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە رایگەیاند، "ئەمە چوارەم ساڵی لەسەر یەکە" ژمارەی ئەوانەی بەهۆی بەهاناوەچوونی کۆچبەرانەوە دادگایی دەکرێن بەرزدەبێتەوە. ئەو رەخنە لەوە دەگرێت، کە ئەو کەسانە "بەهۆی هاوخەمیان بۆ کۆچبەرانەوە تاوانبار دەکرێن ".
رێکخراوە ئەورووپییەکە لە راپۆرتەکەیدا دەشڵێت، زۆربەی دۆسییەکانی دادگەییکردنی کۆچبەرەکان لە وڵاتانی بولگاریا، قوبرس، یۆنان، ئیتاڵیا، لاتیڤیا و پۆڵەندا بوون. ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەهۆی زۆری کەیسەکانەوە ناتوانن هەموو رووداوەکانی دادگەییکردنی ئەو کەسانەی کە تەنیا تاوانیان بەهاناوەچوونی کۆچبەرانە، تۆمار بکەن.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، پێنج لەو کەسانەی پار دادگەییکراون بە سزای زیندانی سزادران کە لەسەر سنوورەکانی پۆڵەندا و بێلاڕووس "هاوکاری مرۆییان" پێشکێشی کۆچبەران کردبوو.
بەشێکی وڵاتانی ئەورووپا هاوکاریکردن و بەهاناوەچوونی کۆچبەرانیان بەیاسا رێکخستووە. بۆ نموونە، لە ئیتاڵیا کاتێک بەلەمێکی کۆچبەران نقوم دەبێت، پێویستە رێکخراوەکان رەزامەندی حکومەتی رۆما بۆ بەهاناوەچوونیان وەربگرن تەنانەت ئەگەر چەند مەترێکی کەمیش لە بەلەمەکەوە دووربن.
بە گوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچبەران، پار 208 هەزار و 679 کۆچبەر بە دەریای نێوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقاوە چوونە ئەورووپا کە 29٪ی لە 2023 کەمترە و 10٪یشی لە پێرار زیاترە.