راپرسییەک: ئاستی جەماوەریی ترەمپ بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپرسییەکی نوێ، ئاستی جەماوەریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ نزمترین ئاستی خۆی لەم خولەی سەرۆکایەتیدا دابەزیوە، ئەوەش بەهۆی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان لەو وڵاتە.
رۆژی سێشەممە 28ی نیسانی 2026 ئەنجامی راپرسییەکی هاوبەشی ئاژانسی (رۆیتەرز/ئیپسۆس) بڵاوکرایەوە، تێیدا دەرکەوتووە کە تەنیا 34%ی ئەمریکییەکان لە کارەکانی ترەمپ رازین؛ ئەمەش بەراورد بە کاتی دەستبەکاربوونی لە مانگی کانوونی دووەمی 2025دا، ئاستی جەماوەریی زۆر دابەزیوە، کە ئەوکات 47% بوو.
بەپێی راپرسییەکە، هۆکاری سەرەکیی ئەم پاشەکشەیە بۆ جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەگەڕێتەوە، کە لە 28ی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە. ئەو جەنگە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بە رێژەی زیاتر لە 40% و گەیشتووەتە نزیکەی 4.18 دۆلار بۆ هەر گالۆنێک (1.16$ بۆ هەر لیترێک)، ئەوەش لە ئەنجامى داخرانى تەنگەى هورمز و پەککەوتنی یەک لەسەر پێنجی بازرگانیی نەوتی جیهان.
زۆربەی وەڵامەکانی ئەم راپرسییە پێش رووداوی تەقەکردنەکەی شەوی شەممەی واشنتن کۆکراونەتەوە، تێیدا کەسێکی چەکدار بە تۆمەتی "هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک" دەستگیرکرا. هێشتا روون نییە ئایا ئەو رووداوە کاریگەریی لەسەر گۆڕینی دیدگای ئەمریکییەکان بۆ ترەمپ دەبێت یان نا.
ئامارەکان نیشانی دەدەن، تەنیا 22%ی بەشداربووان لە شێوازی مامەڵەکردنی ترەمپ لەگەڵ تێچووی ژیان رازین. هەرچەندە 78%ی کۆمارییەکان هێشتا پشتگیریی ترەمپ دەکەن، بەڵام 41%یان لە سیاسەتە ئابوورییەکانی ناڕازین.
لە لایەکی دیکەوە، دەنگدەرە سەربەخۆکان بە جیاوازیی 14 خاڵ لایەنگریی دیموکراتەکان دەکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا.
سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام هەڕەشەکانی تاران رێگرن لە هەناردەکردنی نەوت لە تەنگەى هورمزەوە، ئەوەش بووەتە هۆی بەردەوامیی بەرزیی نرخی وزە لە بازاڕە جیهانییەکاندا. تەنیا 34%ی ئەمریکییەکان پشتگیری لە بەردەوامیی ململانێی وڵاتەکەیان لەگەڵ ئێران دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، بە بەڵێنی دابەزاندنی نرخەکان سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی 2024دا بەدەستهێنا، ئێستا ئاستی جەماوەریی لە بواری ئابووریدا (27%) تەنانەت لە نزمترین ئاستی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش کەمترە.
ئەم دابەزینە مەترسیی لای کۆمارییەکان دروستکردووە لەوەى رەنگە کۆنتڕۆڵی کۆنگرێس لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا لەدەست بدەن، مەگەر ئیدارەی ترەمپ بتوانێت بەزوویی کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و رێڕەوەکانی وزە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکاتەوە.