ترەمپ: دایکم سەرسامی شا چارلز بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئێوارەخوانێکی فەرمیدا پێشوازیی لە شا چارلزی سێیەم، شای بەریتانیا کرد و جەختی لەسەر "پەیوەندییە تایبەتەکە"ی نێوان هەردوو وڵات کردەوە، لە ساتێکى تەنزئامێزیشدا باسى سەرسامیى دایکى بە شا چارلز کرد.
 
دۆناڵد ترەمپ شەوى سێشەممە، 28ی نیسانی 2026 (بە کاتى واشنتن) لە کۆشکی سپی گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا باسی لە مێژووی قووڵی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا کرد. لە ساتێکی تەنزئامێزدا، ترەمپ باسی لە دایکی کۆچکردووی، ماری ئان ماکلاود کرد، کە لە سکۆتلەندا لەدایکبووە و، گوتی، دایکی زۆر حەزی لە تەماشاکردنی رێوڕەسمەکانی خێزانی شاهانە بووە لە تەلەڤیزیۆنەوە.
 
ترەمپ رووی لە شا چارلز کرد و گوتی، "زۆر بە روونی لەبیرمە دایکم دەیگوت: چارلز، تەماشای چارلزی گەنج بکەن، چەند قۆزە. دایکم سەرسامی چارلز ببوو، دەتوانن بڕوا بکەن؟"
 
ترەمپ ئاماژەی بە کۆبوونەوە مێژووییەکەی وینستن چەرچڵ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و فرانکلین رۆزڤێڵت، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر کەشتییەک لە باکووری زەریای ئەتڵەسی کرد و گوتی، "ئەو تێگەیشتنە بۆ پەیوەندییە بێوێنەکەی وڵاتەکەمان و رۆڵمان لە مێژوودا، کڕۆکی پەیوەندییە تایبەتەکەمانە و هیوادارین هەمیشە بەو شێوەیە بمێنێتەوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا رێزێکی زۆری بۆ شاژنە ئەلیزابێسی دووەم نیشاندا و بە "ژنێکی بێوێنە" وەسفی کرد. ترەمپ ئاماژەی بەو دارە کرد کە شاژن ساڵانێک لەمەوبەر لە حەوشەی کۆشکی سپی چاندوویەتی و گوتی، "ئێستا تەماشای بکەن؛ وەک نەتەوەکەمان، بە دەستی بەریتانییەکان چێندرا، بەڵام لە خاکی ئەمریکادا گەورە بوو."
 
ئەم سەردانە فەرمییەی شا چارلز و شاژنە کامێلا بۆ واشنتن لە کاتێکی یەکجار هەستیاردا دێت. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی شای بریتانیا چاککردنی ئەو درزەیە کە لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا دروستبووە، بەتایبەت سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ جەنگی ئێران.