ئەمریکا 35 دامەزراوە و بەرپرسانی بانکەکانی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتی "تووڕەیی ئابووری،" سزای بەسەر 35 دامەزراوە و بەرپرسی بانکی لە ئێراندا سەپاند، کە بە گوتەی ئەمریکا رۆڵیان هەبووە لە گواستنەوەی دەیان ملیار دۆلار بۆ دەربازبوون لە سزاکان و دابینکردنی دارایی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران.
نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی ئەمریکا کە سەر بە وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکەیە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەم سزا نوێیانە لەسەر بنەمای فەرمانی سەرۆکایەتی بۆ روبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانەیە کە لە کەرتی دارایی ئێراندا کار دەکەن".
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "سیستەمی بانکی سێبەری ئێران لە شێوەی شادەمارێکی دارایی کار دەکات بۆ هێزە چەکدارەکانی، کە دەبێتە هۆی پەکخستنی بازرگانیی جیهانی و تووندوتیژی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"؛ گوتیشی، "هەر دامەزراوەیەک کارئاسانی بۆ ئەم تۆڕانە بکات، رووبەڕووی لێکەوتەی توند دەبێتەوە."
کۆمپانیاکانی 'رابەر' و سیستەمی سپیکردنەوەی پارە
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە بانکە ئێرانییەکان کە لە سیستەمی جیهانی دابڕاون، پشت بە کۆمپانیا تایبەتەکان دەبەستن کە بە "رابەر" (Rahbar) ناسراون. کە چەندین کۆمپانیای وەهمی لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەبەن تاوەکو پارەی هەناردە و هاوردەی ئێرانی پێ بگوازنەوە.
یەکێک لە گرنگترین ئەم تۆڕانە، کۆمپانیای (Farab Soroush Afagh Qeshm)ـە کە رابەری "بانکی شەهر"ـە. ئەم کۆمپانیایە لە رێگەی تۆڕێکی فراوانی نێودەوڵەتی، لەوانە کۆمپانیای (Shuqun LTD) لە بەریتانیا، کارئاسانی بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، تەنیا کۆمپانیای (Shuqun) لە ساڵی 2024 زیاتر لە 70 ملیار دۆلاری بۆ فرۆشتنی نەوتی خاوی ئێران گواستووەتەوە. خاوەنی ئەم کۆمپانیایە ژنێکی بە رەگەز فلیپینییە بە ناوی جانێلین ئۆسیبیۆ ئیمپێرادۆر کە چەندین کۆمپانیای وەهمی دیکە لە بەریتانیا بەڕێوەدەبات.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە، سزاکانیان چەندین کۆمپانیای رابەری بانکە سەرەکییەکانی ئێرانی گرتووەتەوە، لەوانە: "بانکی سینا: کە لە لایەن نووسینگەی رێبەری باڵاوە کۆنتڕۆڵ کراوە، بانکی سپەهـ: کە دابینکەری سەرەکیی داراییە بۆ بەرنامە مووشەکییەکانی ئێران و بانکەکانی میللەت، پارسیان، ئیقتسادی نەوین."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینە، تۆڕی بانکداریی سێبەری "بانکی میللی" کە لە لایەن کۆمپانیای (Nikan Pezhvak Aria Kish) بەڕێوەدەبرێت، ملیاران دۆلار بۆ کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران و بانکی ناوەندی سپی دەکاتەوە. کۆمپانیاکانی وەک (Fratello Carbone Trading) و (Gasolix International) وەک روپۆشێک بۆ ئەم چالاکییانە بەکارهێنراون.
هاوکات لەگەڵ ئەم سزایانە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی بڵاوکردەوە سەبارەت بە هەر جۆرە پارەدانێک وەک "سەرانە" بە حکومەتی ئێران یان سوپای پاسداران بۆ تێپەڕبوون بە تەنگەی هورمزدا. واشنتن رایگەیاندووە، هەر کەسێک یان دامەزراوەیەکی دارایی ئەو پارەیە بدات، دەستبەجێ رووبەڕووی سزاکانی ئەمریکا دەبێتەوە، چونکە ئەم پارانە بۆ "تێرۆر" و پەرەپێدانی چەک بەکاردەهێنرێن.
لە شوباتی 2025ەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا زیاتر لە هەزار کەس، کۆمپانیا، کەشتی و فڕۆکەی پەیوەندیدار بە ئێرانی خستووەتە لیستی سزاکانەوە، بە ئامانجی وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران و بریکارەکانی لە ناوچەکەدا