وەزیری جەنگی ئەمریکا: بۆ ساڵی 2027 پێویستمان بە 1.5 تریلیۆن دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری جەنگ و سوپاسالاری هێزەکانی ئەمریکا، گەورەترین داواکارییان خستە بەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەیان و داوای 1.5 تریلیۆن دۆلاریان کرد بۆ بودجەی سەربازی ساڵی داهاتوو.
رۆژی چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا میوانداریی پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، دان کەین، فەرماندەی هاوبەشی سوپای ئەمریکا و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی وەزارەتی جەنگی کرد سەبارەت بە چالاکییەکانیان و بودجەی داواکراوی وەزارەتەکە بۆ ساڵی 2027.
وەزیری جەنگ رایگەیاند، ئەوان خەریکی بونیادنانەوەی بنکەیەکی پیشەسازیی وەهان کە ترس بخاتە دڵی نەیارەکان و متمانەی رەها لای هاوپەیمانەکان دروست بکات.
وەزیری جەنگ و فەرماندەی هاوبەشی سوپای ئەمریکا راپۆرتێکیان سەبارەت بە داواکارییەکەیان بۆ بودجەی ساڵی 2027 پێشکێشی لیژنەکە کرد. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم داواکارییە بودجە گەورەیە بە هاوئاهەنگییە لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی دارایی.
وەزیری جەنگ رایگەیاند، ستراتیژیی نوێی ئەوان "کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکانە بۆ وەبەرهێنان لە هێزدا" و گوتی، "ئەمە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە سیاسەتە داراییەکانی ئیدارەی پێشوو کە ببووە هۆی داڕمانی توانای سوپا".
بودجەی ئەمساڵی وەزارەتەکە نزیکەی 900 ملیار دۆلارە، کە زۆرترینە بەراورد بە بودجەی سەربازی هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان.
یەکێک لە خاڵەکانی وەزیری جەنگ، باسکردنی وەرچەرخانی پێنتاگۆن بوو بە گۆشەی 180 پلە.
هێگسەس رایگەیاند: "ئێمە پرۆسەی کڕینی پێداویستییەکانمان لە رۆتینی بیرۆکراتییەوە کە ئیفلیجیکردبووین گۆڕیوە بۆ شێوەیەکی رێکخراو."
بە گوتەی وەزیر، ئەم مۆدێلە نوێیە وایکردووە پیشەسازیی بەرگریی ئەمریکا چیدی پشت بە سەرچاوە دەرەکییەکان و وڵاتانی بیانی نەبەستێت. هێگسەس گوتی: "هەر کەسێک لە دەرەوە سەیری ناو پێنتاگۆن بکات، ناتوانێت نکۆڵی لەم گۆڕانکارییە مێژووییە بکات کە لە ماوەی تەنیا 12 مانگدا روویداوە".
وەزیری جەنگ چەند ئامارێکی خستەڕوو، گوتی، 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت لە ناو پیشەسازیی بەرگریدا کراوە: "ئەمە پێشتر هەرگیز نەکراوە؛ کۆمپانیاکان بە پارەی خۆیان، نەک پارەی حکومەت، کارگەی نوێ و هێڵی بەرهەمهێنان دروست دەکەن."
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی جەنگ، ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی دروستکردنی 280 دامەزراوەی نوێ و رەخساندنی زیاتر لە 70 هەزار دەرفەتی کاری نوێ: "ئەم وەبەرهێنانە بووەتە هۆی داگیرساندنەوەی گڵۆپی شارۆچکە پیشەسازییەکان کە ساڵانێک بوو کوژابوونەوە."
سەبارەت بە دۆخی ئێستا، پیت هێگسەس رایگەیاند، سەرۆکی وڵاتەکەیان "ئازایەتییەکی بێوێنەی نیشانداوە لەوەی دڵنیایی بدات کە ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی دەست نەکەوێت".
وەزیری جەنگ رەخنەی تووندی لەو کەسانە گرت داوای پاشەکشە دەکەن: "ئەمە جەنگێکی حەتمییە بۆ سەلامەتیی گەلی ئەمریکا و ئێران ناتوانێت بۆمبی ئەتۆمی هەبێت."
هێگسەس ئاماژەی بەوە کرد، گوشارە سەربازی و ئابوورییەکان وایانکردوە ئێران لە پێگەیەکی زۆر لاوازدا بێت و بەڵێنید ا کە تاوەکو هەڕەشەی ئەتۆمیی تاران بە تەواوەتی ریشەکێش نەکرێت، کۆڵ نادەن.
ئادەم سمس، ئەندامی باڵای دیموکراتەکان لە لێژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە دانیشتنەکەدا رەخنەی تووندی لە ستراتیژیی ئیدارەی ترهمپ گرت و رایگەیاند، ململانێی نێوان میلیشیا شیعەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدای خستووەتە ژێر گوشارێکی تووندەوە.
ئادەم سمس گوتی، "ئێستا ململانێیەکمان لە نێوان میلیشیا شیعەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە ئەگەر بە نەرمی بیڵێین، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق دەخاتە ژێر گوشار و هەروەها دەبێتە هۆی پشێویی زیاتر لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا."
سمس ستراتیژیی ئیدارەی ترهمپی بەرامبەر بە ئێران بە "ناواقیعی" وەسف کرد و گوتی، هەڵگیرساندنی جەنگێکی هەمەلایەنە بە ئامانجی دووبارە داڕشتنەوەی ناوچەکە، رێک پێچەوانەی واقیعە "هەڵگیرساندنی جەنگێک کە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت و تێچووی زۆری هەبێت، یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەو ستراتیژییە ناواقیعییەی کە پێشتر چەندین جار رەخنەی لێ گیراوە."
ئەو ئەندامە باڵایەی کۆنگرێس ئاماژەی بە زیانە گیانییەکانی جەنگەکە کرد و گوتی، لە سەرووی هەموو لیستەکەوە کوژرانی 13 سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە دێت، جگە لە کوژرانی هەزاران هاوڵاتیی مەدەنی و پەلکێشکردنی دەیان وڵات بۆ ناو ئەم جەنگە.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەریان و وڵاتانی دراوسێی وەڵامیدایەوە. لە یەکەم رۆژی جەنگەکەوە گرووپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران لە عێراقدا هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردە سەر هەرێمی کوردستان.