ترەمپ: گەمارۆکە تاوەکو رێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی تاران بە رێککەوتنێک رازی دەبێت کە نیگەرانییەکانی واشنتن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بڕەوێنێتەوە.
ئەم بڕیارەی ترەمپ بە واتای رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئێران دێت، کە داوای کردبوو سەرەتا تەنگەی هورمز بکرێتەوە و گەمارۆکە هەڵبگیرێت، لە بەرامبەردا دانوستاندنە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناخێکی دیکە دوابخرێن.
رۆژی چوارشەممە 29-04-2026 ترەمپ بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی راگەیاند، گەمارۆکە لە بۆردوومانکردن کاریگەرترە. ترەمپ گوتی: "گەمارۆکە تاوەکو ئاستێک لە بۆردوومانکردن کاریگەرترە. ئەوان وەک بەرازێکی قەڵەو خەریکە دەخنکێن و دۆخەکە بۆیان خراپتر دەبێت؛ نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت."
سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە ئێران دەیەوێت بگاتە رێککەوتن تەنیا بۆ ئەوەی گەمارۆکەی لەسەر لابدرێت. ترەمپ گوتی: "ئەوان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن و نایانەوێت گەمارۆکە بەردەوام بێت. منیش نامەوێت [گەمارۆکە لابدەم]، چونکە نامەوێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەوەی ئێران ناتوانێت نەوت هەناردە بکات، کۆگە و بۆرییە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە "خەریکە دەتەقنەوە."
لەلایەکی دیکەوە، سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پلانێکی بۆ وەشاندنی شەپۆلێکی هێرشی "کورت و بەهێز" بۆ سەر ئێران ئامادە کردووە، بەو هیوایەی بتوانێت بنبەستی دانوستاندنەکان بشکێنێت. بەپێی پلانەکە، هێرشەکان ژێرخانی ئەو وڵاتە دەکەنە ئامانج و دواتریش ئەمریکا گوشار بۆ تاران دەهێنێت تاوەکو بە نەرمییەکی زیاترەوە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن.
هەرچەندە ترەمپ ئێستا گەمارۆکە وەک سەرەکیترین کارتی گوشار دەبینێت، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن ئەگەر ئێران هەر کۆڵنەدات، ئەوا بیر لە کاروچالاکیی سەربازی دەکاتەوە. ترەمپ لە هەژماری خۆی وێنەیەکی (میم)ـی بڵاوکردەوە کە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە و تێیدا چەکێکی بەدەستەوەیە و هۆشداری دەداتە ئێران، لەسەری نووسراوە: "چیدی کابرایەکی میهرەبان نیم."
لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لە ئێران کە کەناڵی (پرێس تیڤی)ـی فەرمیی وڵاتەکە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا "بەمزووانە بە کاردانەوەیەکی کردەیی و بێپێشینە وەڵام دەدرێتەوە."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کردووە، هێزە چەکدارەکانی ئێران دانبەخۆداگرتنیان نیشانداوە بۆ ئەوەی دەرفەت بدەنە دیپلۆماسی و ترەمپ جەنگەکە کۆتایی پێ بهێنێت، بەڵام گوتی "ئارامی سنووری هەیە و ئەگەر گەمارۆکە بەردەوام بێت، وەڵامێکی سزادەرانە پێویستە."