پووتین و ترەمپ 90 خولەک بە تەلەفۆن باسی جەنگی ئۆکراینا و ئێرانیان کرد
رووداو دیجیتاڵ
یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆککۆماری رووسیا رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری رووسیا و سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لە کاژێر و نیوێک بە تەلەفۆن قسەیان کرد. ئوشاکۆڤ گوتی، گفتوگۆی نێوان هەردوو سەرکردەکە "راشکاو و بنیاتنەر" بووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کرێملن، پووتین و ترەمپ چەندین پرسی گرنگیان تاوتوێ کردووە، لەوانە رەوشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، جەنگی ئۆکراینا و هەوڵی تیرۆرکردنی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکا.
بەگوێرەی کرێملن، لەبارەی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پووتین بە ترەمپی راگەیاندووە، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دووبارە پەنا بۆ کردەی سەربازی دژی ئێران بەرنەوە، ئەوا "شوێنەوار و لێکەوتەی زۆر وێرانکەری" دەبێت.
ئوشاکۆڤ گوتی، لە پەیوەندییەکەدا سەرۆکی رووسیا چەند پێشنیاز و بیرۆکەیەکی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی خستووەتەڕوو. هەروەها کرێملن رایگەیاند، مۆسکۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەوینیی ئەمریکا دژی ئێران بە کارێکی "مەترسیدار" دەبینێت.
سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا، دۆناڵد ترەمپ بە پووتینی راگەیاندووە، رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ "زۆر نزیکە." هەردوو سەرکردە هەڵسەنگاندنی هاوشێوەیان هەبووە بۆ رەفتارەکانی حکومەتەکەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی و رایانگەیاندووە، "زیلینسکی ململانێکان درێژە پێ دەدات."
هەر لەو پەیوەندییەدا، پووتین ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە جەنگی ئۆکراینا لە ماوەی یادی (رۆژی سەرکەوتن)دا (Victory Day)، دۆناڵد ترەمپیش پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕیوە.
کرێملن ئاماژەی بەوەش کردووە، پووتین و ترەمپ لە کۆتایی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە گەرمی ماڵئاواییان لە یەکدی کردووە.