وێنە و واژۆی ترەمپ دەخرێنە سەر پاسپۆرتی نوێی ئەمریکا

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاسپۆرتێکی نوێ و سنووردار دەردەکات، کە وێنە و واژۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای لەسەرە، ئەمەش وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ یادی 250 ساڵەی راگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتەکە.
 
رۆژی چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026 بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، ئەم پاسپۆرتە نوێیانە بۆ یادی مێژوویی سەربەخۆیی ئەمریکا لە تەممووزی داهاتوودا دەردەکرێن. وێنە بڵاوکراوەکانی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە لە هەژمارەکانیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نیشانی دەدەن، وێنەى ترەمپ لە دیزاینەکەدا جێگیر کراوە و واژۆکەشی بە رەنگی زێڕین لەسەر لاپەڕەکان نەخشێنراوە.
 
تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم پاسپۆرتانە بە ژمارەیەکی سنووردار دەبن و هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئاژانسی پاسپۆرتی واشنتنەوە داوای بکەن. لە دیزاینە نوێیەکەدا، وێنەی ترەمپ لە تەنیشت دەقی راگەیاندنی سەربەخۆیی و ئاڵای ئەمریکا دانراوە، هەروەها لە لاپەڕەیەکی دیکەدا وێنەی دامەزرێنەرانی ئەمریکا لە کاتی واژۆکردنی راگەیاندنی سەربەخۆیی کێشراوە.
 
ئەم هەنگاوە نوێترین هەوڵی ئیدارەی ترەمپە بۆ براندکردنی دامەزراوە و نیشانە فەرمییەکانی وڵات بە وێنە و ناوی سەرۆک. پێشتر، وێنەی ترەمپ خراوەتە سەر کارتی چوونە ژوورەوەی پارکە نیشتمانییەکانی ئەمریکا لە تەنیشت جۆرج واشنتن.
 
هەروەها بانکی ناوەندیی ئەمریکا خەریکی دیزاینکردنی دراوێکی نوێی یەک دۆلارییە کە وێنەی ترەمپی لەسەرە و لە پشتەوەی دراوەکە وێنەی سەرۆک کێشراوە مشتێکی بەرزکردووەتەوە و دروشمی (بجەنگە)ی لەسەرە، وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵی تیرۆرکردنەکەی ساڵی 2024 لە پێنسیلڤانیا.
 
لە رووی تەلارسازی و ناونانی دامەزراوەکانیشەوە، ترەمپ گۆڕانکاریی گەورەی لە واشنتنی پایتەخت کردووە. لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، باڵی رۆژهەڵاتی کۆشکی سپی رووخێندرا تاوەکو هۆڵێکی گەورەی شایی و ئاهەنگی لێ دروستبکرێت. 
 
لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردووشدا، ناوەندی "کێنەدی" بۆ هونەرە جوانەکان گۆڕدرا بۆ "ناوەندی یادەوەریی دۆناڵد جەی ترەمپ و جۆن ئێف کێنەدی"، ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی ئەمریکادا دامەزراوەیەکی نیشتمانی بەناوی سەرۆکێکی زیندووەوە بکرێت.
 
لە مێژوودا، هیچ سەرۆکێکی ئەمریکا - و هیچ سەرۆکێکی وڵاتێکیش لەسەر ئاستی جیهان - وێنەی تایبەتی خۆی لەناو پاسپۆرتێکی نیشتمانیدا جێگیر نەکراوە. هەرچەندە دیزاینی ئێستای پاسپۆرتی ئەمریکا وێنەی کێوی "رەشمۆر"ی تێدایە، کە رووخساری سەرۆکەکان جۆرج واشنتن، تۆماس جێفەرسن، تیۆدۆر رۆزڤێڵت و ئەبراهام لینکن نیشان دەدات، بەڵام ئەمانە وەک بەشێک لە دیمەنێکی مێژوویی گەورەتر جێگیر کراون نەک وەک وێنەیەکى تایبەت. 
 
پاسپۆرتە ستانداردەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی گشتی دیمەنە مێژووییەکان و نیشانە کولتوورییەکان نیشان دەدەن، وەک وێنەکانی پەیکەری ئازادی و زەنگی ئازادی، تاوەکو گوزارشت لە ناسنامەی نیشتمانی بکەن نەک کەسایەتییەکی سیاسیی دیاریکراو.
 
هەرچەندە پاسپۆرتەکانی رابردوو زۆرجار واژۆی وەزیری دەرەوەیان لەسەر بووە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە واژۆی سەرۆکێک بە شێوەیەکی بەرچاو لەناو بەڵگەنامەکەدا دەردەکەوێت. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە زنجیرەیەک دەستپێشخەریی فراوانتر بۆ یادی 250 ساڵەی وڵاتەکە، تێیدا وێنەی سەرۆک بە شێوەیەکی بێپێشینە بەکاردەهێنرێت، وەک دەرکەوتنی واژۆکەی لەسەر دراوی کاغەز و ئەگەری دانانی وێنەی رووخساری لەسەر دراوە کانزاییە نوێیە یادەوەرییەکان.