شا چارلز گاڵتە بە ترەمپ دەکات: ئەگەر ئێمە نەبووینایە بە فەرەنسی قسەتان دەکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

شا چارلزی سێیەم، شای بەریتانیا لە ئێوارەخوانێکى فەرمیدا لە کۆشکی سپی بە شێوازێکی تەنزئامێز وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند، ئەگەر بەریتانیا نەبووایە، ئێستا ئەمریکییەکان بە زمانی فەرەنسی قسەیان دەکرد.
 
شا چارلزی سێیەم و شاژنە کامێلا رۆژی چوارشەممە، 29ی نیسانی 2026 لە کۆشکی سپی میوانی دۆناڵد ترەمپ و مێلانیا ترەمپ بوون. لە کاتی پێشکێشکردنی گوتارەکەیدا، شا چارلز ئاماژەی بە لێدوانێکی پێشووی ترەمپ کرد و گوتی، "بەڕێز سەرۆک، تۆ لەم دواییانەدا گوتت ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان نەبووایە، وڵاتانی ئەورووپا بە زمانی ئەڵمانی قسەیان دەکرد. رێگەم بدە بڵێم، ئەگەر ئێمەش نەبووینایە، ئێستا ئێوە بە فەرەنسی قسەتان دەکرد."
 
شا چارلز جەختی لەسەر هاوپەیمانیی نێوان هەردوو وڵات کردەوە و گوتی، ئەم پەیوەندییە بەردی بناخەی خۆشگوزەرانی و ئاسایشی هاووڵاتییانی بەریتانیا و ئەمریکایە. ئاماژەی بەوەش کرد، خەڵکی هەردوو وڵات پێکەوە جەنگیان کردووە و لەپێناو پاراستنی ئەو بەهایانەی شانازییان پێوە دەکەن، قوربانییان داوە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شای بەریتانیا باسی لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان لەندەن و واشنتن کرد و یادی سەردانەکەی شاژنە ئیلیزابێسی دایکی لە ساڵی 1957دا کردەوە. شا چارڵز گوتی، لەو سەردەمەدا دایکی هەوڵی داوە پەیوەندییە "تایبەتەکە"ی نێوانیان دوای قەیرانێکی گەورە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببوژێنێتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 70 ساڵ، "ئەستەمە وێنای روودانی شتێکی لەو شێوەیە لە ئەمڕۆدا بکرێت."
 
شا چارلز رۆڵی ئەمریکای لە ئاوەدانکردنەوەی ئەورووپا و پاراستنی ئازادی لە کیشوەرەکەدا بەرز نرخاند، بەتایبەت لەم کاتەدا کە بە گوتەی ئەو، ئازادی لەژێر هێرشی رووسیادایە بەهۆی داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئۆکراینا و گوتی، "هەرگیز ئەو رۆڵەمان لەبیر ناچێت. ئەمڕۆ هاوبەشییەکەمان لە ناتۆ (NATO) و ئۆکوس (AUKUS) هەماهەنگییە تەکنەلۆژی و سەربازییەکانمان قووڵتر دەکاتەوە تاوەکو پێکەوە رووبەڕووی ئالنگارییەکانی جیهان ببینەوە."
 
گوتارەکەی شا چارلز تێکەڵەیەک بوو لە دیپلۆماسییەت و تەنز، تێیدا جەختی لەوە کردەوە، چیرۆکی بەریتانیا و ئەمریکا چیرۆکی ئاشتبوونەوەی دوو نەیاری کۆن و گۆڕانیانە بۆ نزیکترین هاوپەیمان. شا چارلز گوتارەکەی بەوە کۆتایی پێهێنا، هەردوو وڵات بەستراونەتەوە بە مێژوو، کەلەپوور، کولتوور و بازرگانییەکی هاوبەش و سوورن لەسەر ئەوەی پێکەوە رووبەڕووی داهاتوو ببنەوە.