ترەمپ بۆ ئێران: چیدی پیاوە نەرم و نیانەکە نیم و باشترە زوو بڕیار بدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت، "چیدی پیاوە نەرم و نیانەکە نیم و باشترە زوو بڕیار بدەن."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پۆستیدا لە ترووس سۆشیاڵ، پەیامێکی بۆ ئێران ناردووە، وێنەیەکی بە فۆتۆشۆپ دروستکراویشی لەسەر پەیامەکە داناوە کە بە چەکەوە دەردەکەوێت و لە پشتیەوە چەند شوێنێک دەتەقێنەوە و ئاگریان تێبەربووە.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران ناتوانێت خۆی رێکبخاتەوە، "نازانن چۆن رێککەوتنێک واژۆ بکەن کە ئەتۆمیان نەبێ."
 
ترەمپ لەسەر وێنە بە فۆتۆشۆپ دروستکراوەکەش بە گەورەیی نووسیویەتی، "چیدی پیاوە نەرمونیانەکە نیم!"
 
 
ئەم قسانەی سەرۆکی ئەمریکا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە جەختی لەوە کردەوە، شا چارلز، شای بەریتانیا ئەوەی قبووڵ کردووە کە ئێران نابێ هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆم.
 
رۆژی سێشەممە، 28ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، تاران ئاگاداری کردوونەتەوە کە دەیانەوێ "بە زووترین کات" تەنگەی هورمز بکرێتەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دۆخی نێوخۆیی ئەو وڵاتەوە نووسیویەتی، "ئەوان دەیانەوێ تەنگەی هورمز بکرێتەوە، لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدەن دۆخی سەرکردایەتییان یەکلایی بکەنەوە."
 
هاوکات ترەمپ گەشبینی خۆیشی نیشانداوە بەرامبەر توانای ئێرانییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەسەڵات لە وڵاتەکەیان و دەڵێت: "بڕوام وایە دەتوانن ئەو کارە بکەن."
 
رۆژێک پێشتر و لە 27ی نیسان ئاژانسی ئەکسیۆسی ئەمریکایی، لە زاری بەرپرسێکی ئەو وڵاتە و چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەرێگەی نێوەندگیرەکانەوە پێشنیازێکی داوەتە واشنتن تاوەکو تەنگەی هورمز بکرێتەوە و جەنگ رابگیرێت، بەڵام پرسی رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو و راگرتنی پیتاندن، ئێستا باس نەکرێت و بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت.
 
پۆستەکەی ئەمڕۆی ترەمپ دەکرێت ئاماژەیەک بێت بەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا ئەو پێشنیازەی ئێران رەتبکاتەوە کە لەلایەن پاکستانی نێوەندگیرەوە پێی گەیێندراوە.
 
ئابڵوقەی ئەمریکا بۆسەر بەندەر و کەشتییەکانی ئێران مەبەست لێی ئەوەیە کە رێگە نەدرێت بەو وڵاتە نەوتەکەی بفرۆشێ و سەرچاوەی داهاتی هەبێت، بەوەش دۆخێک بۆ تاران دروستدەبێ کە بەرهەمهێنانی نەوت راگرێت، چونکە شوێنی کۆگاکردنی نەوتی نامێنێ.
 
هاوکات داخستنی تەنگەی هورمز گوشاری لەسەر ترەمپیش دروستکردووە، چونکە نرخی گاز و نەوت بەرزبوونەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا بەرەو هەڵبژاردنی نیوەی وەرز دەچێت کە بڕیارە مانگی 11ی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت؛ جگە لەوەش، داخستنی تەنگەکە گوشاری لەسەر وڵاتانی کەنداویش دروستکردووە، چونکە لەڕێگەی تەنگەی هورمزەوە گاز و نەوتیان هەناردە دەکرد و ئێستا ناتوانن.
 
28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە و هێرشی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە. ئێران لە رۆژی دووەمی جەنگەکەشەوە تەنگەی هورمزی داخست.
 
رۆژی 8ی نیسان، دۆناڵد ترەمپ ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند و گەڕێکی دانوستاندنیش لە ئیسلامئاباد بەڕێوەچوو، بەڵام بێ ئەنجام بوو.