رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا هیندستان هەوڵ دەدات وەک هێزێکی ئابووری و تەکنەلۆژیی جیهانی خۆی نیشان بدات، ناوێکی سەیر و ترسناک بووەتە سەردێڕی میدیاکانی جیهان. لۆرێنس بیشنۆی، پیاوێک کە زیاتر لە 10 ساڵە لە زیندانە هەرە تووند و پارێزراوەکانی هیندستاندایە، توانیویەتی تۆڕێکی تاوانکاریی نێودەوڵەتی بەڕێوەببات، کە دەستی دەگاتە کەنەدا، ئەمریکا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، چۆن زیندانییەک دەتوانێت لەناو قەفەزەوە فەرمانی کوشتنی سیاسەتمەدارە باڵاکان و هونەرمەندانی بۆڵیوود بدات؟ تەنانەت ببێتە کارەکتەرێکی کاریگەر لە ململانێ دیپلۆماسییەکانی نێوان نیودەلهی و ئۆتاوا؟
قەڵایەکی بێ ناو لە گوندێکی سنووری
لە گوندی "دوتاراوالی" لەسەر سنووری نێوان هیندستان و پاکستان، خانوویەکی سێ نهۆمیی سپی و سوور هەیە، کە دیوارەکانی حەوت پێ بەرزن و بە تەلی دڕکاوی و چوار کامێرای چاودێری دەورە دراون؛ ئەوە ماڵی لۆرێنس بیشنۆییە. گوندەکە لە ناوچەیەکی کشتوکاڵیی دەوڵەمەند هەڵکەوتووە، بەڵام سێبەری ترس بەسەر هەموو کۆڵانەکانیدا کێشراوە. دانیشتوانی گوندەکە نەک هەر ناوێرن وێنەی خانووەکە بگرن، تەنانەت ناوێرن لەبەردەم کامێراکانیدا بوەستن.
بیشنۆی تەمەن 33 ساڵ، لە خێزانێکی زۆر دەوڵەمەند لەدایکبووە. ناوی "لۆرێنس" لە ناوی سێر هێنری لۆرێنس، ئەفسەرێکی بەریتانیی سەدەی نۆزدەهەمەوە هاتووە، ئەمەش بەهۆی سپیپێستی و سیمای جیاوازیەوە بووە لە منداڵیدا. بە پێچەوانەی زۆربەی چەتەکانی دیکە کە لە هەژارییەوە هاتوون، بیشنۆی خاوەنی سەدان دۆنم زەوی و سامانێکی زۆر بووە، بەڵام رێڕەوی ژیانی لە زانکۆوە بەرەو تاریکی گۆڕا.
لە هۆڵەکانی زانکۆوە بۆ ریزبەندیی یەکەمی تیرۆر
بۆ لۆرێنس بیشنۆی، هەموو شتێک لە ساڵی 2010 لە زانکۆی پەنجاب لە چاندیگار دەستیپێکرد. ئەو بۆ خوێندنی یاسا چووبووە ئەوێ، بەڵام لەوێ بووە سەرۆکی یەکێتیی قوتابیان و تێوەگلا لە تووندوتیژییەکانی نێو زانکۆ. یەکەم تاوانی ئەو، سووتاندنی ئۆتۆمبێلی رکابەرێکی بوو. دواتر لە ساڵی 2014، کاتێک پۆلیس دەیگواستەوە بۆ دادگا، گرووپەکەی هێرشیان کردە سەر کاروانەکە و رزگاریان کرد. هەرچەندە دواتر دەستگیر کرایەوە، بەڵام لەو کاتەوە تائێستا، زیندان بۆ ئەو نەک هەر نەبووەتە کۆتایی، بەڵکو بووەتە ناوەندی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی.
ئێستا بیشنۆی فەرماندەیی سوپایەکی بچووک دەکات، کە لە 700 ئەندام پێکهاتووە. بەگوێرەی ئاژانسی لێکۆڵینەوەی نیشتمانیی هیندستان (NIA)، ئەم گرووپە لە باکووری رۆژئاوای هیندستان، کەنەدا، ئەمریکا و دووبەی بڵاوبوونەتەوە.
تیرۆرە گەورەکان: لە سیدو موسێوالا تاوەکو بابا سدیق
نێوبانگی بیشنۆی کاتێک تەقییەوە کە لە ساڵی 2022 فەرمانی کوشتنی "سیدو موسێوالا"ی دا، کە راپەرێکی ناوداری جیهانی بوو. موسێوالا لە نزیک گوندەکەی خۆی لە پەنجاب بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا. بیشنۆی دواتر رایگەیاند، ئەمە تۆڵەسەندنەوە بووە.
لە ئۆکتۆبەری 2024، گرووپەکەی بیشنۆی گورزێکی دیکەیان وەشاند؛ "بابا سدیق" سیاسەتمەداری باڵای هیندستان لە مۆمبای کوژرا. ئەم کوشتنە نەک هەر لەرزەی خستە ناو سیستمی سیاسی، بەڵکو پەیامێکی روون بوو بەوەی: هیچ کەسێک لە دەستی بیشنۆی پارێزراو نییە، تەنانەت ئەگەر لە ژێر تووندترین پاسەوانیشدا بێت.
هەڕەشە لە سەلمان خان
یەکێک لە سەیرترین رەهەندەکانی کەسایەتیی بیشنۆی، دووژمنایەتییە تووندەکەیەتی لەگەڵ ئەستێرەی ناوداری بۆڵیوود، سەلمان خان. ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1998، کاتێک سەلمان خان تۆمەتبار کرا بە راوکردنی دوو ئاسکی رەش لە ویلایەتی راجستان.
ئەم جۆرە ئاسکە لای کۆمەڵگەی بیشنۆی (کە لۆرێنس سەر بەوانە) وەک پیرۆزی سەیر دەکرێت. کۆمەڵگەی بیشنۆی 29 پرەنسیپی ئاینییان هەیە، کە پاراستنی ژینگە و ئاژەڵان لە سەرووی هەموویانەوەیە. لۆرێنس لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا کە لە ناو زیندانەوە ئەنجامی داوە، دەڵێت، "سەلمان خان سووکایەتیی بە هەست و ئاینی ئێمە کردووە. یان دەبێت بچێتە پەرستگاکەی ئێمە و داوای لێبووردن بکات، یان دەیکوژین."
ئەم هەڕەشەیە تەنها قسە نەبووە؛ لە ساڵی 2024دا چەندین جار تەقە لە ماڵەکەی سەلمان خان کراوە و نامەی هەڕەشەئامێزی بۆ نێردراوە.
تێکدانی پەیوەندیی نێوان دوو وڵات
ئەو شتەی بیشنۆی لە چەتەیەکی ئاسایی دەگۆڕێت بۆ کارەکتەرێکی سیاسی، تێوەگلانیەتی لە کوشتنی نەیارانی حکومەتی هیندستان لە دەرەوەی وڵات. جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، بە راشکاوی ناوی لۆرێنس بیشنۆی هێنا و تۆمەتباری کرد بەوەی کە لەسەر داوای حکومەتی هیندستان و ئاژانسی هەواڵگریی "RAW"، کردەوەی تووندوتیژی و تیرۆری دژی چالاکڤانانی "سیخ" لە کەنەدا ئەنجام داوە. ئەم تۆمەتانە بوونە هۆی تێکچوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هیندستان و کەنەدا.
رۆبن هوودی سەردەم
لە هیندستانی سەردەمی مۆدیدا، کە ناسیۆنالیزمی هیندۆسی لە لووتکەدایە، بیشنۆی وەک "پاڵەوانێکی هیندۆس" نیشان دەدرێت. میدیا فەرمییەکان باس لەوە دەکەن، ئەو گۆشت ناخوات، سەڵتە و هەمیشە خەریکی نزا و پاڕانەوەیە. ئەو وێنەی خۆی وەک "جەنگاوەرێکی رێگای ئاین" داتاشیوە، کە دژی جوداخوازە سیخەکان و ئیسلامییەکان دەجەنگێت. ئەمە وای کردووە لەناو گەنجانی بێکاری هیندستاندا وەک (رۆبن هوود)ێکی سەردەم سەیر بکرێت.
بۆ ملیۆنان گەنجی هیندستانی کە لە ژێر باری بێکاریدا دەناڵێنن، بیشنۆی نموونەی ئەو کەسەیە کە "یاسا ناتوانێت بیوەستێنێت." وەک نووسەر ئەتوول دیڤ دەڵێت، "بۆ ئەوان، پەیڕەوکردنی یاسا تەنها بۆ کەسانی ترسنۆک و گەمژەیە."
چۆن لەناو زیندانەوە حوکم دەکات؟
"چۆن لەناو زیندانەوە حوکم دەکات؟" ئەمە گەورەترین مەتەڵە. بیشنۆی لە زیندانی "تیهار" و زیندانە تووندەکانی دیکە بووە، بەڵام چاوپێکەوتنی تەلەڤیزیۆنیی راستەوخۆ دەکات، مۆبایل بەکاردەهێنێت و فەرمانی کوشتن دەردەکات. کاتێک لێی دەپرسن، چۆن ئەمە دەکرێت، بە سادەیی دەڵێت، "رێکی دەخەین."
کۆتاییەکی نادیار
وەک هاوڕێیەکی کۆنی بیشنۆی دەڵێت، "لۆرێنس دەزانێت کە ژیانی زۆری نەماوە، ئەو دەزانێت کە بەکارهێنراوە و هەر کاتێک ئەرکەکەی تەواو بوو، لەناو دەبرێت،" بەڵام تاوەکو ئەو کاتە، سێبەری بیشنۆی بەسەر شەقامەکانی مۆمبای و تەلەڤیزیۆنەکانی نیودەلهی و تەنانەت کۆڵانەکانی ڤانکۆڤەریشدا دەمێنێتەوە.