فەرەنسا جگەرەکێشان لە زۆربەی شوێنە گشتییەکاندا قەدەخە دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری تەندروستی و خێزانی فەرەنسا رایگەیاند، فەرەنسا جگەرەکێشان لە هەموو ئەو شوێنە کراوانەدا قەدەخە دەکات کە منداڵان دەتوانن سەردانی بکەن، وەک کەنار دەریاکان، پارکەکان و وێستگەکانی پاس.
 
کاترین ڤۆتران، وەزیری تەندروستی و خێزان لە هەڤپەیڤینێک کە رۆژی پێنجشەممە 29-05-2025 بڵاوکرایەوە گوتی: "دەبێت تووتن لەو شوێنانەدا نەمێنێت کە منداڵانی لێیە."
 
ڤۆتران گوتیشی: "ئازادیی جگەرەکێشان لەو شوێنەدا دەوەستێت کە مافی منداڵان بۆ هەڵمژینی هەوای پاک دەستپێدەکات."
 
وەزیری تەندروستی و خێزان رایگەیاند، سنووردارکردنەکان لە 1ـی تەممووزەوە دەچنە واری جێبەجێکردنەوە و هەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە رەنگە منداڵانی لێبێت، وەک "کەنار دەریاکان، پارکەکان، باخچە گشتییەکان، دەرەوەی قوتابخانەکان، وێستگەکانی پاس و یاریگەکانی وەرزشی."
 
ئەو وەزیرە گوتیشی، سەرپێچیکاران رەنگە سزای دارایی تاوەکو 135 یۆرۆ (154 دۆلار) بدرێن.
 
بەگوتەی ڤۆتران، باڵکۆنی کافێکان لە قەدەخەکردنەکە بەدەر دەکرێن.
 
پێشبینی دەکرێت ساڵانە نزیکەی 75,000 کەس لە فەرەنسا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بە تووتنەوە گیان لەدەست بدەن.
 
بەپێی راپرسییەکی ئەم دواییە، شەش لە هەر 10 فەرەنسییەک (62%) لایەنگری قەدەخەکردنی جگەرەکێشانن لە شوێنە گشتییەکاندا.