کوشتنی مێرمنداڵێک لەلایەن پۆلیسەوە، فەڕەنسییەکانی هێناوەتە سەر شەقام


رووداو دیجیتاڵ 

لە بەشێکی شار و شارۆچکەکانی فەرەنسا، خۆپێشاندان لە دژی کوشتنی مێرمنداڵێک لەلایەن پۆلیسەوە بەردەوامە. پۆلیس زیاتر لە 150 خۆپێشاندەری دەستگیر کردووە. 
 
رۆژی چوارشەممە 28ـی حوزەیرانی 2023، جیرالد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا گوتی: "شەوێکی پڕ لە تووندوتیژی بوو دژی هێماکانی کۆمار [فەرەنسا]، سەنتەری شارەکان، قوتابخانە و بنکەکانی پۆلیس هێرشیان کراوەتە سەر و ئاگریان تێبەردراوە و 150 کەسیش دەستگیرکراون." 
 
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە هەریەکە لە ناوچەکانی دەوروبەری پاریس و شارەکانی دیکەی فەرەنسا وەکو لیل و ئامێینس و دییۆن و تۆلۆز و چەند شوێنێکی دیکە کراون. 
 
بەگوتەی بەرپرسانی حکومەتی فەرەنسا، زیاتر لە 2 هەزار پۆلیس لە پاریسی پایتەخت جێگیرکراون. 
 
رۆژی سێشەممە 27-6-2023، مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ، بەناوی نەبیل کە بەرەچەڵەک جەزائیری بوو، لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە تەقەی لێکرا و کوژرا. 
 
دوای رووداوەکە، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رووداوەکەی بە "رووننەکراوە و بێ بیانوو" ناوبرد و رایگەیاند: "هیچ شتێک نابێتە پاساوی کوشتنی کەسێک." 
 
پاتریک چاری، سەرۆکشارەواینی ناوچەی نانیر داوای لە خەڵکی فەرەنسا کرد خۆیان بەدووربگرن لە هێرشکردنە سەر باڵەخانەکانی شارەکە و پشتگیری خۆشی بۆ کەسوکاری نەبیل دەربڕی و گوتی: "ئێمە لە دادگە لەگەڵ پارێزەران و هەموو ئەوانەی کە دادپەروەی لەنێو دڵیاندایە، بەشێوەیەکی ئاشتییانە دادپەروەری بەدەست دەهێنین." 
 
داواکاری گشتیی ناوچەی نانتیری فەرەنسا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای رووداوەکە ئەو پۆلیسەی کە تەقەی لە گەنجەکە کردووە، دەستگیرکراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. 
 
داواکاری گشتیی نانتیر ئاماژەی بەوەش کردووە، پۆلیسەکە داوای لە مێرمنداڵەکە کردووە ئۆتۆمبێلەکەی بوەستێنێت، بەڵام ئەو نەک بە گوێی پۆلیسی نەکردووە، بەڵکو هەڕەشەی لێکردوون کە بە ئۆتۆمبێلەکەی دەیانشێلێت و دەیانکوژێت، بەڵام پارێزەری گەنجەکە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.