ئەڵمانیا لەبارەی هەڕەشەکانی سەر گرۆسی هۆشداری بە تاران دەدات


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا نیگەرانە لە هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و داوا لەو وڵاتە دەکات هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکە بکات. 
 
رۆژی یەکشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2025، یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێران لە رافائێل گرۆسی، بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و تیمەکەی، لە ئێکس بڵاویکردەوە، "هەڕەشەکانی سەر ئەوان مایەی نیگەرانی زۆرن و پێویستە بوەستێندرێن". دەشڵێت، "داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەم هاوئاهەنگی تەواوەتی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بکەن و سەلامەتی کارمەندەکانیان (لەکاتی سەردانیان بۆ ئێران) دابین بکەن". 
 
رۆژ 21ـی حوزەیران و لە گەرمەی جەنگی ئیسرائیل و ئێراندا عەلی لاریجانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل، تاران وا دەکات رافائێل گرۆسی "باجەکەی بدات".
 
هەڕەشەکەی عەلی لاریجانی ئاماژە بوو بەوەی ئەوەی تاران پێیوایە ئاژانسە ئەتۆمییەکە رۆڵی لە هەڵگیرساندنی جەنگەکەدا هەبووە.
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئاژانسەکە "رۆڵێکی گرنگی لە چاودێریکردنی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێراندا هەیە. پاڵپشتی گرۆسی و تیمەکەی لە هەوڵەکانیان و پرۆفیشناڵبوونیان دەکەم". 
 
دوێنێ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس لەبارەی هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێران لە گرۆسی بڵاویکردەوە، "داواکانی ئێران بۆ دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی رافائێل گرۆسی، بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم قبوڵنەکراوە و پێویستە سەرکۆنە بکرێت".
 
رۆژی 31ـی ئایاری 2025، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم راپۆرتێکی لەبارەی خێراکردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بڵاوکردەوە. بەرپرسانی وڵاتەکە زوو ناڕەزایی خۆیان لە راپۆرتەکە دەربڕی.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتبوو، مایەی "نیگەرانی جیدییە کە ئێران نزیکەی 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60٪ هەیە کە 133.8 کیلۆگرامی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە بەرهەمهێنراوە."
 
لە رووی زانستییەوە، لە ئەگەری بوونی کەرەستە و ئامێری پێویست یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 60٪ پێویستی بە نزیکەی یەک مانگە بۆ ئەوەی بگەیەندرێتە 90٪؛ ئەمەش رێژەی پێویستە کە دەتواندرێت چەکی ئەتۆمی لێ دروستبکرێت. 
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئێران تەنیا وڵاتە کە خاوەن چەکی ئەتۆم نییە و یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە رێژەی 60٪ هەبێت. 
 
هەمان رۆژ و دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو راپۆرتە "ئاماژەیەکی ئاگادارکەرەوەی روونە" کە "ئێران بە تەواوی دەیەوێت پڕۆگرامی چەکی ئەتۆمییەکەی تەواو بکات". ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم ئاستەی پیتاندنە تەنیا لە وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمیدا هەیە و هیچ پاساوێکی سڤیلیش هەڵناگرێت". 
 
ساڵی 2015، رێککەوتنامەیەکی ئەتۆمی لەنێوان ئێران و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەورووپا واژۆکرا. دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزای بەسەر ئێراندا سەپاند. ئێرانیش پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی زیاد کرد.