پیاوێک لە هەنگاریا بە تۆمەتی کۆکرنەوەی وێنەی رووتی منداڵان دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیس لە هەنگاریا پیاوێک دەستگیر دەکات کە تۆمەتبارە بە کۆکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی رووتی منداڵان. بەگوتەی پۆلیس، تۆمەتبارەکە نزیکەی پەنجا وێنە و ڤیدیۆی لا بووە کە تێیاندا منداڵی خوار تەمەن 12 ساڵ دەستدرێژییان کراوەتە سەر.
مۆنیکا ڤارگا، بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتیمانیی هەنگاریا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکە لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا دەستیپێکرد، ئەوەش کاتێک زانرا کە ئەو هاووڵاتییە هەوڵیداوە لە رێگەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە پەیوەندی سێکسی لەگەڵ منداڵاندا دروستبکات.
مۆنیکا ئاماژەی بەوە کرد کە لە مۆبایلی تۆمەتبارەکەدا زیاتر لە 50 وێنە و ڤیدیۆی رووت هەبووە و گوتیشی، "شیکاری ڤیدیۆکان ئەوە دەردەخات کە قوربانییەکان منداڵ و مێرمنداڵ بوون".
تۆمەتبارەکە تەمەنی 29 ساڵە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە لە مانگی ئابی رابردووەوە دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکان.
ئیڵدیکاو گویاش، گوتەبێژی نووسینگەی داواکاری گشتی ناوچەی ڤازپڕێم کە تاوانەکەی تێدا ئەنجام دراوە، دەڵێت، داواکاری گشتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبارەکە دەرکردووە و ئێستاش پۆلیس لێکۆڵینەوەی بۆ ناسینەوەی قوربانییەکان دەستپێکردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی گرووپی brave movement، کە گرووپێکی داکۆکیکاری نێودەوڵەتییە بۆ پاراستنی منداڵان لە دەستدرێژی سێکسی، لە هەر پێنج منداڵێک لە ئەوروپا یەکێکیان پێشێلکاری سێکسی بەرامبەر کراوە.