رووسیا پەیامێکی تووند بۆ ئەمریکا دەنێرێت: ئێمە ئیسرائیل و ئێران نین

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا پەیامێکی تووند بۆ سیناتۆرێکی ئەمریکا دەنێرێت و پێی دەڵێت، "بۆت نییە فەرمان بە رووسیا بکەیت کەی بێتە سەر مێزی گفتوگۆ." دەشڵێت، "رووسیا، ئیسرائیل یان ئێران نییە."
 
دوێنێ دووشەممە 28ی تەممووز لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، ئەوانەی لە رووسیا پێیانوایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جدی نییە لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، هەڵەن، "پێویستە رووسیا بە خێرایی بێتە سەر مێزی گفتوگۆ."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 29ی تەممووزی 2025 دیمیتری مێدڤیدیڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی رووسیا لە ئێکس پەیامێکی تووندی بۆ گراهام نارد و رایگەیاند، "بۆ تۆ و ترەمپ نییە فەرمان بکەن کەی بێینە سەر مێزی ئاشتی."
 
ئەو بەرپرسە رووسییە دەشڵێت، "گفتوگۆکان ئەو کاتە کۆتاییان دێت کە هەموو ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەمان (لە ئۆکراینا) بەدەستهێنان." ئامۆژگاریی ترەمپیش دەکات، لەبری فەرمانکردن بە رووسیا، سەرقاڵی "سیاسەتی ئەمریکا پێش هەموو شتێک" بێت.
 
دوێنێ ترەمپ و کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە سکۆتلاند کۆبوونەوە. دواتر، هەردوولا قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەبارەت بە جەنگی سێ ساڵ و نیوەی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، سەرۆکی ئەمریکا دوا هۆشداریی دایە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و گوتی، "مۆڵەتێکی نوێی نزیکەی 10 یان 12 رۆژی دادەنێم کە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات. هیچ پاساوێک بۆ چاوەڕوانی نییە، ئێمە هیچ پێشڤەچوونێک بەدیناکەین."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "ئێمە سزای لاوەکی بەسەر رووسیادا دەسەپێنین، رەنگە رێککەوتنێک بکەین، نازانم، بەڵام پووتین دەبێت رێککەوتنێک بکات. رووسەکان و ئۆکراینییەکان بێ هیچ هۆکارێک یەکدی دەکوژن."
 
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا هۆشداریی بە سەرۆکی ئەمریکاش دا، "رووسیا، ئیسرائیل یان ئێران نییە" و هەموو هەڕەشەیەک لە وڵاتەکەی، هەنگاوێک لە جەنگ نزیکتریان دەکاتەوە، نەک لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا، بەڵکو لەگەڵ ئەمریکا.
 
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە پووتین گرت و گوتی، "سێ جار وا دەرکەوتووە کە نزیکین لە رێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام لەناکاو مووشەکەکان ئاراستەی کیێڤ دەکرێن، ئەمە زۆرجار روویداوە و بەدڵم نییە."