فەرەنسا و بەریتانیا داوای دروستکردنی ناوچەی ئارام لە کابوول دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا و بەریتانیا کار لەسەر دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان دەکەن و سەرۆکی فەرەنساش دەڵێت لەگەڵ تاڵیبان لەگفتوگۆداین.
بەمەبەستی تەرخانکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ ئەو ئەفغانییانەی کە دەیانەوێت لەدوای چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکەیان بچنە دەرەوە، فەرەنسا و بەریتانیا بەنیازن دەستپێشخەرییەک پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکەن بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە کابوول تایبەت بەو ئەفغانییانەی کە دەیانەوێت لەدوای رۆژی 31ی ئەم مانگە، لە ئەفغانستان بڕۆنە دەرەوە.
ئیمانوئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، ئامانج لە دەستپێشخەرییەکەی فەرەنسا و بەریتانیا دروستکردنی ناوچەیەکی ئارامە لە کابوول کە بە تەواوەتی لەژێر کۆنتڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بێت، گوتیشی دروستکردنی ناوچەی ئارام رێگە دەدات هاوکاری پێشکەش بەو ئەفغانییانە بکرێت کە دەیانەوێت لە ئەفغانستان بڕۆنە دەرەوە. جگە لەوەش ئاسانکاری بۆ درێژەدان بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەفغانستان دەکات.
لێدوانەکانی سەرۆکی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێكیدا بوون لەگەڵ رۆژنامەیەکی فەرەنسی کە تێیدا گوتیشی، فەرەنسا دەستی بە گفتوگۆی سەرەتایی لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان کردووە سەبارەت بە بارودۆخی مرۆیی نێو ئەفغانستان و هەروەها پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ ئەو ئەفغانییانەی، کە دەیانەوێت لە وڵاتەکەیان بچنە دەرەوە، بەڵام سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بە هەڵوێستی تاڵیبان لەو چوارچێوەیەدا نەدا.
ماکرۆن راشیگەیاند، گفتوگۆکانمان لەگەڵ تاڵیبان زۆر هەستیارن و هەموو کاتێك ئەگەری شکستیان لەئارادایە، لەگەڵ تاڵیبان باسمان لە چۆنیەتی پاراستن و ناردنە دەرەوەی ئەو ئەفغانییانە کردووە، کە هێشتا لە ئەفغانستانن و دەیانەوێت لە وڵاتەکەیان بچنە دەرەوە.
هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ساڵی 2001 بە مەبەستی لێدانی تاڵیبان و قاعیدە چوونە ئەفغانستان. 20 ساڵ لەو وڵاتە مانەوە، ئەمەش بە یەکێک لە درێژترین مانەوەی سەربازی لە مێژووی نوێی وڵاتانی جیهان دادەنرێت.
بە درێژایی 20 ساڵی رابردوو دەیان هەزار ئەفغانی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و هێزە بیانییەکانی دیکە وەک وەرگێڕ، رێگەنیشاندەر، کارمەند، خزمەتگوزار و هەواڵگری و سیخوڕی کاریان کردووە.
ئەمریکا رایگەیاندووە لە سەرەتای مانگی تەمووزی ئەمساڵدا نزیکەی 90 هەزار ئەفغانی لە وڵاتەکەیان براونەتە دەرەوە، ئەمە لەکاتێكدایە بەرگریی ئەمریکا پێشتر رایگەیاندبوو زیاتر لە 18 هەزار ئەفغانی وەک وەرگێڕ لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان کاریان کردووە.