لە ئەوروپا مەترسیی لەنێوچوونی شوێنەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر هەیە
رووداو دیجیتاڵ
خلیسکێنەکان خەریکە بەهۆی گەرماوە بەڵەک دەبن. لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەڵێت، ئەگەر بەراورد بەو ئاستەی پێش شۆڕشی پیشەسازی هەبووە پلەی گەرما دوو پلە بەرزتربێتەوە، ئەوا 53٪ـی خلیسکێنەکان و ئەگەر 4 پلەش بەرزبێتەوە، ئەوا 98٪یان زۆربەی بەفرەکەیان لەدەستدەدەن.
ساموێل مۆرین، لێکۆڵەر لە ئاژانسی کەشناسیی فەرەنسا دەڵێت، "هەموو شوێنە گەشتیارییەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر رووبەڕووی دۆخێکی نالەباری نەبوونی بەفر دەبنەوە، کە ئەوەش پێویستی بەوە دەبێت لە داهاتوودا بە دانانی پلان، لەبەرچاوبگیرێت."
نەک تەنیا وەرزشڤانان، بەڵکو کەرتی گەشتیاریی ئەوروپاش زیانی بەردەکەوێت ئەگەر خلیسکێنەکان بەفرەکەیان نەمێنێت، چونکە نیوەی خلیسکێنەکانی سەر بەفری جیهان، لەو کیشوەرەن. کەرتی گەشتیاریش بۆ خۆی هۆکاری دەردانی 8٪ـی ئەو گازانەیە کە دەبنە هۆی گەرمبوونی زەوی.
ساموێل مۆرین باسی لەوە کرد، "لە کەرتی گەشتیاریدا، ئەگەر بمانەوێت رادەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سنووردار بکەین، ئەوا پێویستە گرنگی بە کەمکردنەوەی کاربۆن لەم کەرتەدا بدەین و هەرشتێکمان لەدەستهات بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان، بیکەین."
لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، رەنگە لە داهاتوودا پێویست بکات لە رێگەی ئامێرەکانەوە بەفری دەستکرد بۆ خلیسکێنەکان دروستبکرێت، بەڵام ئەوەش چارەسەرێکی بێ کێشە نابێت، چونکە ئامێرەکان گازی گەرمکەر دەردەدەن. تەنانەت ئەگەر ئامێرەکانیش بەکاربێنن، لە ئەگەری زیادبوونی گەرما بە دوو پلە، یەک لەسەر چواری خلیسکێنە بەفرینەکان و لە ئەگەری چوار پلەشدا زیاتر لە 70٪ـی ئەو شوێنانە، هەر بەدەست کەمی بەفرەوە دەناڵێنن.